پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی لە حزبەكەیان ناڕازین

:: PM:10:28:20/08/2017 ‌

ژمارەیەك پێشمەرگەی دێرینی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە بەردەم مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لە شاری سلێمانی ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر ئەو جیاوازیە دەردەبڕن كە لە نێوان پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیدا دەكرێت.

لەو بارەوە حەمەرەشید قەرەداغی، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی مووچەی پێشمەرگە دێرینەكان جیا بكرێتەوە لە مووچەی فەرمانبەران ئاسایی بۆ دواكەوتن، ماوەی سێ ساڵە سەردانی سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكانمان كردووە و بڕیار درا پێشمەرگەی دێرینەكان جیا بكرێنەوە.

زیاتر گوتی، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ دووبارە لەگەڵ حكوومەت و وەزارەتەكانی پێشمەرگە و دارایی كۆبووینەوە بۆ ئەوەی مووچەی پێشمەرگە دێرین جیا بكرێتەوە و لە كاتی خۆیدا بدرێت، بەڵام ئێستە تەنیا 1300 پێشمەرگە جیا كراوەتەوە بە ناوی پێشمەرگەی دێرینی دانەبڕاو و مووچەكانیان خراوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

قەرەداغی روونی كردەوە، ئەو پێشمەرگە دێرینانەی ئەمڕۆ چوونەتە بەردەم مەكتەبی سیاسی، چونكە جیاوازی كراوە و ئەوەش كارێكی باش نییە بۆ یەكێتی، چونكە پێشمەرگەی خۆیانن، بۆ یەكێتی باش نییە و حزبەكە بچووك دەكاتەوە لە كاتێكدا دۆخی ناوخۆی یەكێتی باش نییە.

ئەو پێشمەرگە دێرینانە ئاماژە بەوە دەكەن لە ناو پێشمەرگە دێرینەكاندا كۆمەڵێك دروست بوون و ناوی خۆیان ناوە "پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێت"ی و حسابی پێشمەرگەی دابڕاو و دانەبڕوا دەكرێت لە ناو پێشمەرگە دێرینەكان و جیاوازی دەكرێت لە نێوانمان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل