دەتوانی ڕۆژووی ئەلیکترۆنی بگریت؟

:: PM:01:08:04/09/2017 ‌
هەرگیز بیرت لێ کردووەتەوە لە جیاتی ڕۆژووگرتن لە نان و ئاو، رۆژوو لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بگریت؟ لەبەر ئەوەی نەوەی ئیستە بە تەواوەتی پەیوەستن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ناتوانن لێی دووربکەونەوە، بەجێهێشتنیان بۆ ماوەیەکی کاتی هەرچەندە کەمیش بێت، شتێکی ئەستەمە و توانای دوورکەوتنەوەیان لێی نییە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، لە تویژینەوەیەکی دەروونیدا کە لە زانکۆی "بترسبۆرگ"ی ئەمەریکی ئەنجامدرا، دەرکەوت "ڕۆژووی ئەلیکترۆنی" مرۆڤ لە هەستی تەنیایی بە دوور دەکات، لەو خەمۆکییە ڕزگاریان دەکات کە بە هۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتەوە تووشیان دەبێت.

ڕۆژووگرتن و خۆ پاراستن لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێتە هۆی پاراستنی دەروونی مرۆڤ، وایان لێ دەکات کەمتر پێویستیان بە دەرمان و پزیشکی دەروونی هەبێت لەو کەسانەی بەردەوام بە مۆبایل و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان خەریکن.

لە تویژینەوەکەشدا هاتووە، کاتێک مرۆڤ بە تەواوی خۆی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئەنتەرنێتەوە دەبەستێتەوە، کاریگەرییەکی خراپ و نەرێنی لەسەر جەستەیان درووست دەکات، لەناو منداڵانیشدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی گەشەی جەستەیی و بیرکردنەوە، درووستبوونی کێشە لەنێوان هاوسەرەکاندا، تێکچوونی پەیوەندی هاوڕێیەتی و درووستبوونی گیانی لووتبەرزی و تەنیایی لە ناخی هەموو تاکێکدا.

سەرچاوە/ ئەنا زەهرە


وشە - ڕێناس شابان