ئەم هەفتەیە كۆستا دەبێتەوە مەدریدی

:: AM:09:58:13/09/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كرد كە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی ئەم هەفتەیە واژوو لەسەر فرۆشتنی دییگۆ كۆستای هێرشبەری تیپەكەی دەدات بۆ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: چاوەڕوان دەكرێ لەم هەفتەیەدا بەرپرسانی هەردوو یانەی چێڵسی و ئەتلەتیكۆ مەدرید رێككەوتنی كۆتایی لەسەر كۆستا بكەن و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا ئەو هێرشبەرە بەفەرمی دەگەڕێتەوە خولی ئیسپانیا.

یانەی چێڵسی هەر لەم هەفتەیەدا سزاكانی سەر كۆستا هەڵدەگرێ و رێگەی پێ دەدات راستەوخۆ بگەڕێتەوە شاری مەدرید و خۆی بۆ یارییەكانی سەری ساڵی نوێ ئامادە بكات.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا چاوەڕوان دەكرێ نرخی كۆستا 60 ملیۆن یۆرۆ بێت و بەمەش دەبێتە گرانترین یاریزان لە مێژووی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید.

جێی باسە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ناتوانێ تا سەری ساڵی نوێ یاریی بە كۆستا و هیچ یاریزانێكی نوێ بكات بەهۆی ئەو سزایانەی كە لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتییەوە بەهۆی پێشێلكردنی یاساكان بەسەریدا سەپێنراوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م