هۆكاری دەركردنی ڕابوون مەعرووف لە گۆڕان ئاشكرابوو

:: PM:08:30:19/09/2017 ‌
بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دەركردنی ڕابوون مەعرووفی لە ڕیزی حزبەكەی دەركرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەندامی بەرەی "نەخێر"ە كە شاسوار عەبدوالواحید سەرپەرشتی دەكات.

كەمێك لەمەوبەر سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دەركردنی ڕابوون مەعروفی پەرلەمانتاری دەركردووە، بەهۆی ئەوەی بووەتە ئەندامی بەرەی نەخێر و دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستانە.

بەهار محموود ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان زانیارییەكانی "وشە"ی پشتڕاستكردەوە و ڕای گەیاند، بەفەرمی بڕیاری دەركردنی ڕابوون مەعرووف ئەندامی فراكسیۆنەكە لەنێو گۆڕاندا دراوە.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر ئاشكرا بكات، بەڵام سەرچاوەكەی "وشە" ئەوەی ڕاگەیاند، كە گۆڕان پێی وابووە نابێت كەسێك ئەندامی ئەوان بێت و لەهەمانكاتدا ئەندامی قەوارە و بەرەیەكی تر بێت.

ڕابوون مەعرووف ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان بوو دوای ڕاگەیاندنی بەرەی نەخێر دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان بووە یەكێك لە ئەندامانی ئەو بەرەیە و ئەوەش هۆكاری سەرەكی بووە بۆ دەركردنی لە بزووتنەوەی گۆڕان.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم