مەهاباد سەرچاوەی خەونەكەی بارزانییە
فاینانشڵ تایمز.. سەربەخۆیی كوردستان و وانەیەكی مێژوویی

:: PM:03:17:21/09/2017 ‌


رۆژنامەی ئەمەریكی فاینانشڵ تایمز راپۆرتێكی شیكاری لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە و لە راپۆرتەكەشدا بەراوردێكی لە نێوان كۆماری كوردستان لە مەهاباد و دۆخی ئێستە كردووە، پێشبینی جیاواز لەبارەی ریفراندۆمەكە دەخاتە ڕوو و پێشی وایە گەورەترین خەونی كورد سەربەخۆیییە و ئێستەش دەرفەتێكی تر بۆ كورد رەخساوە تا ئەو خەونە بەدی بهێنێت.

لەوانەیە ئێوە هەرگیز گوێتان لەو كۆمارە نەبووبێت كە لە مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزرا، كۆمارێك كە كوردی ئێران لە بەشێكی ئەو وڵاتە دایانمەزراند. ئەگەر ئێوە كورد بن دەزانن كە مەهاباد لە زەین و بیری هەموو كوردێكدا بە زیندوویی ماوەتەوە. ئەمە ترۆپكی ناسیونالیستی كوردییە كە چیرۆكەكەی لە لایەن باب و باپیرانی ئەم گەلە بۆ نەوەی نوێ دێتە گێڕانەوە و ئەو سەربەخۆیییە كورتخایەنە بە شتێكی زۆر گرنگ هەژمار دەكرێت و شانازی پێوە دەكرێت.

لەوانەیە هیچ كەسێك بە قەدەر مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چەمكی مەهاباد تێنەگات، ئەو ئێستە پلانی بۆ سەربەخۆیی داناوە و هەفتەی داهاتوو ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە دەبات.

مەسعوود بارزانی تەمەنی ٧١ ساڵە و رێك لە سەردەمی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە دایك بوو، باوكی مەسعوود بارزانی رێبەرێكی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی كورد بوو كە بۆ دامەزراندن و پاراستنی كۆمارەكە خەباتی كرد.

بەڵام ئەگەر مەهاباد سەرچاوەی خەونەكەی بارزانی ببێت، رووخانی ئەو كۆمارە چیرۆكێكی سەیری هەیە. رێك هاوشێوەی مەهاباد كورد لە بەردەم دەرفەتێكی مێژووییدایە بۆ دروستكردنی دەوڵەت. رێك هاوشێوەی مەهاباد ئەوان پێویستیان بە وڵاتانێك هەیە كە وەك دۆست پارێزگاری لە دەوڵەتەكەیان بكات و ئێستە ئەوان ئەو شتەیان نییە.

دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە باكوری رۆژئاوای ئێران ساتێكی دەگمەن بوو بۆ گەلێك كە لە نێوان وڵاتانی عێراق، ئێران، توركیا و سووریادا دابەش بووە. چ لە پێش و چ لە دوای كۆمارەكە كورد لە هەوڵی ئەوەدا بووە مافی چارەنووسی خۆی دیاری بكات و هەر ئەمەش ئەوانی خستووەتە بەردەم هەڵاواردنی نەتەوەیی لە لایەن وڵاتانی زاڵ بەسەر كوردستان و تووشی نەهامەتی گەورەی كردوونەتەوە، بۆ نموونە لە عێراق لە دەیەی ٨٠ی زاینیدا لەلایەن رژێمی سەدام حوسێنەوە چەكی كیمیایی دژی كورد بەكار هێنرا.

كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانی هاتە كایەوە كە ئێران  لە لایەن هەردوو وڵاتی بەریتانیا و یەكێتیی سۆڤیەتی پیشوو بە دوو ناوچەی ژێر هەژموونی خۆیان دابەش كرد، رووسەكان لە باكور و ئینگلیزەكانیش لە باشوور وڵاتیان داگیر كردبوو و لە ٢٢ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ كورد كۆماری خۆی راگەیاند كە مەبەستیان ناوچەیەكی خودموختار بوو لە چوارچێوەی ئێرانێكی دیموكراتدا.

بەڵام كۆمارەكەی مەهاباد بەسترابووەوە بە مانەوەی یەكێتیی سۆڤیەت لە ئێران و كاتێك لە ژێر گوشاری ئەمەریكادا دوای چەند مانگێك هێزەكانی یەكێتیی سۆڤیەت لە ئێران كشانەوە، هێزەكانی ئێرانیش روویان لە كۆمارەكە كرد و رووخاندنیان و بەمەش تەمەنی كۆمارەكە كۆتای پێ هات.

بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە كە ئێستە بارزانی داوای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات، جەنگ لە عێراق و سووریا لە چەند ساڵی رابردوودا هۆكار بووە لەوەی ئەو نەخشەیەی بە نەخشەی سایكس پیكۆ ناسراوە و لە ساڵی ١٩١٦ لە لایەن بەریتانیا و فڕەنساوە بۆ سنووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كێشرا، مەترسی هەڵوەشانەوەی لێ دەكرێت.

لە جەنگی یەكەمی كەنداو كاتێك هەریەك لە ئەمەریكا، فڕەنسا و بەریتانیا ناوچەی دژەفڕینیان لە باكوری عێراق دامەزراند بۆ پاراستنی كورد، دەرفەتێك بوو بۆ كوردی عێراق تا هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی بۆ خۆیان دابمەزرێنن.

ئەوەی هەرێمی كوردستانی هان دا بیر لەسەربەخۆیی بكاتەوە، بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە كە داعش هەڕەشەی لە كوردستان كرد و رێبەرانی كوردیش هەستیان بەوە كرد كە بە تەنیا ماوەنەتەوە و بەغدا هیچ پاڵپشتییەكی ئەوان ناكات. كورد توانی پاشەكشە بە داعش بكات و تەنانەت دەسەڵاتی خۆی بە تەواوی بەسەر كەركووكدا زاڵ كرد، شارێك كە بە نەوت دەوڵەمەندە و بڕیارە لە ریفراندۆمی هەفتەی داهاتووی كوردستانیشدا بەشداری بكات. پێشتر بەغدا دژایەتی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ریفراندۆم رەت كردووەتەوە.

ریفراندۆمەكە ٢٥ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت و ئەوانەش كە دژایەتی ریفراندۆم دەكەن زۆرن، ئێران و توركیا نیگەرانن و نیگەرانییەكەی ئەوانیش لەوە سەرچاوە دەگرێت كە خۆیان پێكهاتەی كوردیان هەیە و لەوانەیە ئەوانیش بیر لە هەمان بژاردە بكەنەوە.

ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاواش لەوە نیگەرانن ئەو هەنگاوە كاریگەری خراپی بۆ سەر جەنگی دژی داعش هەبێت كە ئێستە هەریەك لە پیشمەرگە و سوپای عێراق بە یەكەوە هەوڵی لەناوبردنی دەدەن.

لە ناوخۆی كوردستان ئەگەر هەموو كوردێك خوازیاری سەربەخۆیی بێت، ئەوا هەموویان خوازیاری ئەوە نین لەو مێژووە ریفراندۆم بەڕێوە بچێت. ئابووریی كوردستان كە پشت بە نەوت دەبەستێت، تووشی تەنگژە بووە و حكوومەتیش قەرزدارە. 

گوشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر بارزانی زۆر بوون بۆ ئەوەی بڕیاری بەڕێوەبردنی ریفراندۆم دوا بخات، ئەو خۆی دەڵێت ریفراندۆم ئەوە نییە تا یەكسەر سەربەخۆیی رابگەیەنرێت، بەڵكو بەشێكە لە بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە بەغدا.

 هەڵبەت سووربوون لەسەر ریفراندۆمیش ئەگەری ئەوەی هەیە كێشەی نێوان كورد و عەرەب ئاڵۆز بكات و دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت و ئەم هەنگاوەش دەتوانێت كورد لە خەونەكەی مەهابادی نزیكتر بكاتەوە، یانیش مەترسییەكانی بەدیهێنانی ئەم خەونە زیاتر بكات.






وشە - سلێمان تاشان