كۆمەڵكوژییەكانی كورد...كیمابارانكردنی سەردەشت

:: PM:12:33:25/09/2017 ‌

بەشی چوارەم
سەردەشت شارێكی ڕۆژھەڵاتی كوردستانە. نێوان سنووری ئێران و عێراق كە دەگوترێ شوێنی لەدایكبوونی زەردەشتە. ئەم شارە لە ساڵی ١٩٨٧ زاینیدا لە لایەن حكوومەتی سەدام حوسێن كیمیاباران كراوە. شاری سەردەشت یەكێك لە شارەكانی ناوچەی موكریان و سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە، كە كەوتووەتە باشووری شارەكانی پیرانشار و مەھاباد، ھەروەھا دەێكەوێتە ڕۆژئاوای بانە و باشووری ڕۆژئاوای بۆكان. سەردەشت دەكەوێتە ڕۆژھەڵاتی قەڵادزێ و لە كۆتادا سلێمانی لە باشووری سەردەشت ھەڵكەوتووە.

یەكێك لە ناوچە هەرە خۆشەكانی سەردەشت، شاری میراوەیه كە دەكەوێته نێوان سەردەشت و پیرانشار. بە پێی ئاماری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٠١دا، شاری سەردەشت 50 هەزار كەس دانیشتوی بوو، بەڵام بەسەرجەم شارۆكە و گوندەكانەوە دەگاتە نزیك ١٣٠،٠٠٠ كەس كە ھەمویان كوردن.

كیمیابارانی سەردەشت، كیمیابارانێك بوو كە لە لایەن ھێزی ئاسمانیی عێراقی لە حەوتی پووشپەڕی ١٣٦٦ ھەتاوی بەرامبەر بە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٨٧ی زاینی بە بەكارھێنانی چەكی كیمیایی لەسەر شاری سەردەشت سەر بە ڕۆژھەڵاتی كوردستان ڕووی دا. لەم كارەساتەدا زیاتر ١١٠ كەس كوژراون و هەشت ھەزار كەس تووشی ژەهراویی غاز بوون. لە حەوتی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ ھەتاوی بەرامبەر بە ٢٨ی ٦ی ١٩٨٧ زاینی، سەعات ٤،٣٠ سەر لە ئێوارە ھێزە ئاسمانییەكانی ڕژێمی بەعس و فڕۆكەوانەكانی ئەو سوپایە، بە گازی كیمیایی شاری سەردەشت و گوندی ڕەشە ھەرمێیان بۆردمان كرد.


لەو بۆمبارانەی شارە 12 هەزار كەسی سەردەشت، هەشت هەزار و 28 كەس كیمیایی كران و ١٣٠ كەس لە خەڵكی ئەم شارە شەھید كران. پاش ئەم ڕووداوە ئێران شاری سەردەشتی بە یەكەمین شار لە دنیا، كە بە گازی كیمیایی بۆمباران كراوە ناساند. سەردەشت بە هەزاران زیان پێگەیشتووی بۆمبارانی كیمیایی هەیە، سەتان بنەماڵە هەن كە ئەندامێك یا چەند ئەندامی بنەماڵەكەیان بەهۆی ئەو ڕووداوە گیانیان لە دەست داوە. تا ئێستە كۆماری ئیسلامیی ئێران هیچی بۆ ئەم شارە نەكردووە، نە بنكەی دەرمانی و ناوەندی تایبەتی بۆ پێڕاگەیشتن و چاودێریكردنی بریندارەكان و زیان پێگەیشتووان لە سەردەشت پێك هێناوە، هیچ هاوكاریی ماڵیی ئەو بنەماڵانە و ئەو كەسانەی نەكردووە كە تا ئێستەش بە دەست شوێنەوارەكانی ئەو بۆمبارانە دەناڵێنن.

دوای ئەو هەموو ئازار و مەینەتی و كیمیابارانەی كوردستان لە هەر چوار پارچەكەی لەسەر دەستی داگیركەران تووشی هات، ئەمڕۆ دووشەم بۆ یەكەم جار لە مێژوودا گەلی كوردستان دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا و پاڵپشت بە جاڕنامەی جیهانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و یاسای نێودەوڵەتی، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام دەدات.

لە پرۆسەی دەنگدانی ئەمڕۆ بۆ ڕیفراندۆمی كوردستان لە دوو هەزار و 13 بنكەی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان ئەنجام دەدرێ، 136 تیمی چاودێری نێودەوڵەتی و 142 ڕاگەیەندكاری بیانیش ڕووماڵی پرۆسەكە دەكەن، لە 35 چاودێری نێودەوڵەتی كە وەكو تاك بەشداری پرۆسەكە دەكەن، بەگشتی 313 تیمی چاودێر و چاودێر و دەزگەی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی و 10 قەوارەی سیاسی و گرووپێك چاودێری و ڕووماڵی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.

پرۆسەكە بە بەشداری زیاتر لە سێ ملیۆن 900 هەزار كەس بەڕێوە دەچێ و لە سەعات هەشتی بەیانی دەستی پێ كرد و سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم كۆتای پێ دێت.

كوردستانیان لە تەواوی شار و شارۆكەكان بەرەو سندووقەكانی دەنگدان دەڕۆن و ئەو زوڵم و ستەمە زۆرەی لە ڕابردوو دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە، هانیان دەدا بە جۆش و خڕۆشەوە ڕوو لە بنكەكانی دەنگدان بكەن و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دووپات بكەنەوە.

سەرچاوە/ ویكیپیدیا










وشە - ژیڤان خۆرانی