ماوەی زانكۆلاین درێژ كرایەوە
خوێندكارانی دەرچووی خولی یەكەمیش دەتوانن فۆرمی زانكۆلاین پڕ بكەنەوە

:: PM:01:13:28/09/2017 ‌

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رای دەگەیەنێت، بڕیار درا ماوەی (زانكۆلاین) تا رۆژی شەموو 30ی ئەیلوولی 2017 درێژ بكرێتەوە.

 سەرچاوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە خوێندكاران بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی زانكۆلاین، بڕیار درا ماوەی زانكۆلاین (٤٨) سەعاتی تر،  واتە تا سەعات (١٢)ی شەوی شەموو رێككەوتی 30ی ئەیلوول بۆ دەرچووانی خولی یەكەم و دووەمی قۆناغی 12ی ئاماەیی درێژ بكرێتەوە.

روونی كردەوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پێدانی دەرفەتی زیاتر بە خوێندكاران، بەتایبەت ئەو خوێندكارانەی خولی یەكەم كە بەهەر هۆكار بێت نەیانتوانی فۆرمی زانكۆلاین پڕ بكەنەوە، ئێستە دەتوانن بە هەمان شێوەی خوێندكارانی دەرچووی خولی دووەمی قۆناغی دوانزەیی ئامادەیی  سوودمەند بن و فۆرمی زانكۆلاین پڕ بكەنەوە.

بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، "ئەمە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەكە درێژ ناكرێتەوە"، بۆیە داوا لە دەرچووانی خولی یەكەم و دووەمی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەكەن كە تا ئێستە فۆرمی (زانكۆلاین)یان پڕ نەكردووەتەوە، پێویستە لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا پەلە بكەن و تەواوی هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕكرنەوەی فۆرمی زانكۆلاین .

هەولێر/یوسف بەحركە 





وشە - ڕێبین فه‌تاح