وەزارەتی تەندروستی ڕوون كردنەوە لەبارەی جۆرە حەبێك دەدات

:: PM:05:35:01/10/2017 ‌
لە بەرامبەر دەنگۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە حەبێكی ڤایرۆساوی لە هەرێم كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاو كراوەتەوە، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە دەدات و ڕای دەگەیەنێت بەهیچ جۆرێك ئەم دەنگۆیە ڕاست نییە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە جۆرە حەبێك كەوتووەتە بازاڕەكان و ڤایرۆسێكی تێدایە و پێست تووشی كێشەی برین و سووربوونەوە دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم یەكی تشرینی یەكەم، د. خاڵس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەت كردەوە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیە دوورە لە ڕاستی و هیچ     دەرمانێك هەڵگری ڤایرۆس نابێت.

هاوكات د.میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رای گەیاند، بڵاوبوونەوەی وێنەی جۆرێك لە حەبی پاراسیتۆڵ كە گوایە ڤایرۆسی پێوەیە، دوورە لە راستییەوە و ئەو وێنەیەی كە بڵاوكراوەتەوە لە هەرێمی كوردستان نییە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند ساڵێكە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە كۆنترۆڵكردنی دەرمان و هەر دەرمانێك لە بازاڕەكاندا بفرۆشرێت، نابێ‌ كۆدی وەزارەتی تەندروستی لەسەر نەبێت و بە پێچەوانەوە لێپرسینەوە لەم بارەیەوە دەكرێت.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم