توركیا لە هیلالی شیعە دەترسێ و نزیكی كورد دەبێتەوە


شارەزایەكی بواری سیاسەتی توركیا ئاشكرای كرد، هاتنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران، سەرەتای تەواوبوونی هیلالی شیعەیە و ئەمەیش بە تەواوی پێچەوانەی بەرژەوەندی توركیایە و ترسی لە دڵی ئەنكەرە دروست كردووە، بۆیە توركیا ناچارە زیاتر لە جاران خۆی لە كورد نزیك بكاتەوە.

هۆشەنگ تاجر شارەزایی بواری سیاسەتی توركیا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دروستبوونی ئەو دۆخەی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست بووە و میلیشیاكان بە بەشداری و فەرمانداری سوپای پاسداران هاتنە ناوچەكە، سەرەتای تەواوبوونی پڕۆژەی هیلالی شیعەیە لە عێراق، ئەمەیش بە تەواوی پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی توركیایە.

هەروەها گوتی، ئەو ڕووداوانە لە داهاتوویەكی زۆر نزیك بە تەواوی هاوكێشەكان دەگۆڕێت و هیچ كام لە هاوكێشە تازەكانیش لە بەرژەوەندیی توركیا نابن، تەنیا چارەسەر بۆ توركیا ئەوە دەبێ، جارێكی تر خۆی لە كوردستان نزیك بكاتەوە و پێوەندی بەهێزتر لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست بكات، چونكە توركیا هیچ كات ڕازی نابێ كوردستانی عێراق بكەوێتە ژێر دەستی ئێران.

ئاماژەی دا، توركیا به هۆی هەندێ ڕێككەوتن تا ماوەیەكی نزیك لەگەڵ بەغدا پێوەندی دەبێ و پابەندی بڕیارەكانی بەغدا دەبێ، بەڵام لە كۆتادا ناچارە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكاتەوە، پێویستە كوردستانیش بە خێرایی ناوماڵی خۆی ڕێك بخاتەوە و بە یەكگرتوویی و یەكڕیزییەوە بە تەواوی بە دۆخەكە دابچێتەوە و خۆمان بەهێزتر بكەینەوە لە جاران.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:12:14:18/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 49737 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌