یەكێتی رێككەوتنی لایەنە كوردییەكان لە كەركوك هەڵدەوەشێنێتەوە

:: PM:03:58:19/10/2017 ‌

 

 

لە كاتێكدا یەكێتی لەگەڵ عەرەبەكانی كەركوك رێككەوتن دەكات بۆ دانانی پارێزگاری نوێ، لادانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك بە لادانێكی سیاسی دادەنرێ و فراکسیۆنی پارتیش دەڵێ یەكێتی پێشێلی رێككەوتنی لیستی برایەتی كردووە و راوێژییان پێ نەكراوە لە دانانی رزگار عەلی وەك پارێزگاری نوێ.

 

چاوەڕوان دەكرێ ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی تشرینی یەكەم، فراکسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەگەڵ فراکسیۆنە عەرەبییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا رێككەوتن دەكەن بۆ كۆدەنگی لەسەر دانانی رزگار عەلی بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێرو ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە وەك پارێزگاری نوێی كەركوك لە جێگەی نەجمەدین كەریم و دانانی توركمانێك لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە جێگەی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنەكە بە وەكالەت.

 

ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی تەناهی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی یەكێتی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاشكرای كرد كە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ فراکسیۆن عەرەبییەكان و توركمانەكان بەردەوامە بۆ یەكلایی كردنەوە و رێككەوتن لەسەر پارێزگاری نوێی كەركوك و دانانی توركمانێك وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە جێگەی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت.

 

ئازاد ئاشكراشی كرد رۆژی یەكشەم یان دووشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ دەنگدان لەسەر پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێ كۆدەبێتەوە.

 

سەعدی پیرە گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بینای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر ئاشكرای كرد كە رزگار عەلی كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت بۆ پۆستی پارێزگاری داهاتووی كەركوك.

 

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت، لیستی برایەتی 26 ئەندام، بەرەی توركمانی هەشت ئەندام، گردبوونەوەی كۆماری عێراقی پێنج ئەنجام، هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی سەر بە رێكخراوی بەدر یەك ئەندام و گردبوونەوەی نیشتمانی عێراقی یەك ئەندام.

 

لە 26 ئەندامی فراکسیۆنی كوردی، حەوت ئەندامیان یەكێتیین، حەوتیان پارتیین، سێیان یەكگرتووی ئیسلامی، سێیان مەسیحی، دووان شیوعی، دووان توركمان و لەگەڵ سێ ئەندامی دیكەی سەربەخۆ لەوانە عەلی ساڵحی و ئاواد محەمەد ئەمین.

 

چاوەڕوان دەكرێت فراکسیۆنی یەكێتی لەگەڵ فراکسیۆنی توركمانی كە نۆ ئەندامن لەگەڵ فراکسیۆنی عەرەبی كە شەش ئەندامن، ئەگەر هیچ ئەندامێكی دیكە لە فراکسیۆنی برایەتی بەشداری نەكات، ئەو سێ فراکسیۆنیە دەتوانن رێژەی پێویستی دانیشتنی ئەنجومەن پێكبهێنن.

 

كامەران كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێ پرسی دانانی پارێزگاری نوێ لە راگەیاندنەكانی بیستووە و لیستی برایەتی دوای رووداوەكانی كەركوك نەك هەر كۆبوونەوەی نەكردووە و بەڵكو فراکسیۆنی یەكێتی كە لە هەوڵی دانانی پارێزگاری نوێدان لەگەڵ توركمان و عەرەبەكان پەیوەندیشیان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی و ئەندامانی دیكەی فراکسیۆنی برایەتی نەكردووە.

 

ئەوەشی خستەڕوو دانانی پارێزگاری نوێ لە وەها دۆخێك و بێ رێككەوتنی پێشوەختەی ناو لیستی برایەتی كە لە رێككەوتنی دروستكردنی ئەو لیستەدا لایەنەكان رێككەوتوون دەبێت هەر بڕیارێك بدرێت سەرەتا لە لیستەكەدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بەڵام ئەوەی فراکسیۆنی یەكێتی دەیكات تاكڕەوییە و نەگەڕانەوەیە بۆ ئەو رێككەوتنەی لە پێشووتردا هەبووە كە پشت بەستنە بە ئەندامانی لیستی برایەتی لە رووبەڕوو بوونەوەی هەر پرسێك پەیوەست بە كەركوك نەك پشت بە عەرەب و توركمانی كەركوك.

 

كامەران دەڵێ بەهیچ رێكارێكی رازی نین بۆ دانانی پارێزگاری نوێ تەنیا بە یاسای 21 نەبێت كە پێشووتر بە رێكاری یاسای 21 پارێزگار لادرا.

 

بەگوێرەی یاسای 21، پارێزگار لەبەر سێ هۆكار لە پۆستەكەی دوور دەخرێتەوە، پێشێلكاری دەستووری كردبێت، گەندەڵی كردبێ و لەسەری سەلمێندرا بێت یان تاوانێكی ئەنجام دابێت.

 

پەرلەمانی عێراق لە 14ی ئەیلولی رابردوو بڕیاری لەسەركار لادانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك راگەیاند.

 

زانا روستایی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی یاسایی دەڵێ بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق نا یاساییە و پارێزگاری كەركوك هەڵاوێردراوە و بەگوێرەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت.

 

ئەگەرچی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق نا یاساییە، بەڵام فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق دوێنێ چوارشەمم 18ی تشرینی یەكەم مەڕسومی كۆماری لادانی نەجمەدین كەریمی راگەیاند، بەڵام نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك مافی هەیە تانە لە بڕیارەكە بدات.

 

كامەران كەركوكی دەڵێ لادانی نەجمەدین كەریم بە سێ رێگە دەبێت كە لە یاسای 21 روونكراوەتەوە، ئەوەشی خستەڕوو كاتێك كە یەكێتی رێككەوتن لەگەڵ توركمان و عەرەب دەكات لە رێككەوتنی پێكهێنانی لیستی برایەتی دەردەچێت پیرۆزی بێت.

 

سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی نیشتمانی بە كەناڵی (جەزیرە)ی راگەیاندووە بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و هاوپەیمانی نیشتمانی پارێزگاری داهاتووی كەركوك بە رێككەوتن و رەزامەند نیشاندنی ئێران و بەغدا دەبێ و دەبێت بڕیارەكانی بە هاوبەشی لەگەڵ توركمان و عەرەبەكانی كەركوك بە هاوبەشی دەربكات.

 

كامەران كەركوكی بێ ئاگایی خۆی لە وردەكاری رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی نیشاندا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە وەك فراکسیۆنی پارتی هێشتا ئاگادار نەكراونەتەوە بەشداری دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەن ببن.

 


 

 

 



وشە - فه‌رمان سادق