كەلار.. هاوكاریی هه‌زار خێزانی دوزخورماتوو كرا

:: PM:05:47:20/10/2017 ‌

پاش ئەوەی بەهۆی خراپبوونی دۆخی ته‌ناهیی شارەكەیان، بە سەدان هەزار كەس لە دانیشتوانی شاری دوزخورماتوو ناچار بوون ماڵ و حاڵیان بەجێ بهێڵن. ده‌زگه‌ خێرخوازییه‌كان ڕوویان له‌و ئاوارانه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییان بكه‌ن.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێك كه‌ ده‌زگه‌ی خێرخوازیی بارزانی بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كیان بۆ "وشه‌" ناردووه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، لەمیانی بەردەوامیی هەڵمەتە خێرخوازییەكانیدا بۆ بەهاناوەچوونی زیاتری خێزانەكانی شاری دوزخورماتوو كە بەهۆی بارودۆخ و نالەباری رەوشی ئاسایش لە شارەكەیاندا ماڵ و حاڵیان جێ هێشتوو روویان لە شاری كەلار و ناوچەكانی دەڤەری گەرمیان كردووە، ئۆفیسی ده‌زگه‌كه‌ لەو شارە دەستبەجێ دەستیان كرد بە دابەشكردنی پارسێلی خۆراك و شیر و بەتانی بەسەر خێزانە هەڵهاتوەكانی شارۆچكەی دووزخورماتوو كە ئێستاكە لە شاری كەلار و ناحیەی رزگاری لە ژیانێكی سەختدان.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، توانیویانه‌ هاوكاریی بگه‌یه‌ننه‌ هه‌زار خێزانی شاره‌كه‌ كه‌ بەهۆی جێهێشتنی ماڵ و حاڵی دانیشتوانی شاری كەركووك و دوزخورماتوو، رۆژانە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەچەندین قۆناغ هاوكاری و خۆراك و پێداویستی ناوماڵە پێشكەشی ئەو خێزانانە دەكات.

له‌میانی ئه‌و په‌لاماره‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و پاسداری ئێران بۆ سه‌ر خاكی كوردستان كردوویانه‌، هێرشێكی توندیان كرده‌ سه‌ر شارۆكه‌ی دوزخورماتوو و به‌ هه‌زاران خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌یان ئه‌شكه‌نجه‌ دا و دەستیان بە تاڵانكردن و سووتاندنی ماڵە كوردەكان كردووە و تا ئێستەش زیاتر لە 400 ماڵیان سووتاندووە و رێگەش بەهیچ خێزانێكی كورد نادەن بگەرێنەوە و هەر كوردێكیش بگەرێتەوە دەیكوژن.





وشە - كوردۆ شابان