ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆ دەبێتەوە

:: PM:03:43:21/10/2017 ‌
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆ دەبێتەوە و بڕیار لەسەر دوو پۆست دەدات كە دیاریكردنی قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و قایمقامی كۆیە بەشێوەی فەرمی.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی تشرینی یەكەم، مەریوان پیرباڵ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی یەكشەم 22ـی تشرینی یەكەم دانیشتنی ژمارە 53ـی ئەنجوومەن بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە كۆبوونەوەكە چەند تەوەرێك گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، یەكێك لە تەوەرەكان بریتییە لە گفتوگۆ لەسەر پێدانی متمانە بە نەبەز عەبدولحەمید وەك قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و سەركەوت ڕەسووڵ بە قایمقامی كۆیە بەشێوەی فەرمی كە ئێستە بەوەكالەت ئەو پۆستە بەڕێوە دەبەن.

لەبارەی تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكە پیرباڵ زیاتر گوتی، ڕوونكردنەوەیەك دەدرێت لەلایەن ڕێباز بێركۆتی سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتی لەسەر ژینگەی هەولێر.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە 31 ئەندام پێك هاتووە، یەكێكە لە ئەنجوومەنە سەركەوتووەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستە كارەكانی بەشێوەیەكی هاوپەیمانی بەڕێوە دەچێت.

سنووری پارێزگای هەولێر خاوەنی 45 بەڕێوەبەرایەتی و شارەدێیە و شارۆكەیە، بەهۆی فراوانی سنوورەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر چەند مانگ جارێك بەڕێوەبەری شارەدێكان دەگۆڕێت بۆ ڕێگریكردن لە دەستوەردانی كەسی لە كارەكان.



وشە - رامیار جەواد