دوای برنجی بەسەرچوو دەرمانی بەسەرچووی منداڵان دەگاتە عێراق

:: PM:03:47:10/10/2016 ‌
لێژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە كەشتییەكی بارهەڵگری باركراو بە دەرمانی  بەسەرچووی منداڵان لە رێگەی بەندەری ئوم قەسر هاتووەتە عێراق و دووپاتی كردەوە كە دەستیان بەسەر كەشتییەكەدا گرتووە تا كۆتاهاتنی لێكۆڵینەوەكان.

تەڵاڵ زەوبەعی سەرۆكی لێژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند كە لێژنەكەیان زانیاری پێ گەیشتووە لەبارەی بوونی كەشتییەكی بارهەڵگری باركراو بە دەرمانی بەسەرچوو لە بەندەری ئوم قەسر، دەست بەسەر بارەكەدا گیرا.

زیاتر گوتی، بارەكە بریتی بوو لە دەرمانی تایبەت بە منداڵان و ئێستەش لێكۆڵینەوە لەو بارەوە بەردەوامە و دوای تەواوبوونی لێژنەكەیان لایەنی بەرپرس ئاشكرا دەكات و وەزارەتی تەندروستیش زانیاری بەو رێوشوێنانە هەیە. 

دوای گەیشتنی وەجبەیەك برنجی هیندی بەسەرچوو كە مێروو لێی داوە بەمەبەستی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان لە چوارچێوەی پسوولەی خۆراكدا، لێژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێك هاتووە و بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی برنجەكەیان داوە كە مێروو لێی داوە و بڕەكەی چوار هەزار و 700 تۆنە لە كۆی 41 هەزار تۆن كە لە رێگەی كەشتییەكەوە هاتوون.

دووپاتی كردەوە كە وەزارەتی بازرگانی پێشنیازی كردووە كە دەتوانن لە رێگەی بەهەڵمكردنەوە برنجەكە لەو مێرووانە رزگار بكەن و دابەشی سەر هاووڵاتییانی بكەن.

سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانانی عێراق كە وەزارەتی بازرگانی بە وەكالەت بەڕێوە دەبات رای گەیاند كە ئەو بارە برنجە مێروو لێداوەی لە 21ی مانگی رابردوو دۆزرایەوە رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر وەرگیراوە و پەرلەمانتاران بۆ مەبەستی سیاسی و تایبەت دەیانەوێ بابەتەكە گەورە بكەن.    

وشە/غەد پرێس-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل