10 هەزار ئاوارە گه‌یشتوونه‌ته‌ دهۆك

:: AM:10:41:22/10/2017 ‌
لە ڕۆژی 16ی ئەم مانگەوە كە بەهۆی گرووپێكی ناپاك، كەركووك ڕادەستی پاسداران و میلیشیاكان كرا، تا ئێستە زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر چوونەتە دهۆك و وەك ئاوارە لەوێ گیرساونەتەوە، ئەمەیش لە ترسی تاوان و كوشتوبڕی میلیشیاكان و سوپای پاسدارانەوە.

ئیسماعیل محەمەد جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە 16ی ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە 10 هەزار ئاوارە گەیشتوونەتە شاری دهۆك، كە خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن و سەرجەمیان لە دهۆك نیشتەجێ كراون.

هەروەها گوتی، بەشێك لەو هاووڵاتییانە لە باڵەخانە تازە دروستكراوەكان نیشتەجێ كراون، بەشێكیشیان كەسوكاریان لە دهۆك هەیە و چوونەتە لای ئەوان، جگەلەوەیش ئێمە كەمپی ماملیانمان بۆیان ئامادە كردووە، ئەگەر ئەو شوێنانەی تێیدان زۆر باش نییە دەتوانن بێنە ئەو كەمپە و تێیدا بحەوێنەوە.

ئاماژەی دا، بانگەوازمان بۆ هەموو ڕێكخراوە مرۆیی و خێرخوازییەكانی دنیا و ناوچەكە كردووە، كە خواردن و خواردنەوە و پێویستی ژیانی ڕۆژانە بۆ ئاوارەكان دابین بكەن و بەشی زۆری ئەوانەیشی هاتوونەتە دهۆك خەڵكی شنگال و زومار و كەركووكن و لە ترسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هاتوون.

لە سنووری پارێزگای دهۆك 27 كەمپی ئاوارە و پەنابەران بوونی هەیە و زیاتر لە 90 ڕێكخراوی بیانی و ناوچەكە كۆمەك و پشتیوانی بۆ لێقەوماوانی نێو ئەو كەمپانە دابین دەكەن، كە ژمارەیان نزیكەی 750 هەزار كەس دەبێ.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د