وەلید بن تەڵاڵ دەوڵەمەندترینی سعوودیە لە گرتووخانەیە

:: AM:11:38:06/11/2017 ‌

وەلید بن تەڵاڵ  یەكێكە لە دەوڵەمەندترین پیاوانی دنیا و یەكێك لە ناسراوترین ئەو كەسایەتییانەیە كە لە دوو رۆژی رابردوودا بە فەرمانی كۆمیتەی خەبات دژی گەندەڵی سعوودیە دەستبەسەر كراوە. كۆمیتەكە جگە لە وەلید بن تەڵاڵ، دەیان شازادە و وەزیر و بەرپرسی باڵای تری گرتووە و هەژماری بانكی سەرجەمیان داخراوە.

وەلید بن تەڵاڵ كە شازادەیەكی زۆر دەوڵەمەندە و نەوەی عەبدولعەزیز ئال سعوودە كە بە دامەزرێنەری سعوودیە هەژمار دەكرێت.

سامانی ئەو شازادەیە بەگوێرەی گۆڤاری فۆربس و دامەزراوەی بلوومبێرگ، دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار. باپیری وەلید لە دایكەوە ریاز سوڵح سەرۆك وەزیرانی پێشتری لبنانە دوای سەربەخۆیی ئەو وڵاتە، بۆیە بنەچەی تەڵاڵ كوڕی عەبدولعەزیز لە وەرگرتنی هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێبەش كراون و فتوای ئەوە لە لایەن شای سعوودییەوە درا، كوڕ و نەوەكانیشی تاهەتایە لە دەسەڵات بێبەش بكرێن، بەڵام نازناوی ئەمیرییان لێ نەستێنرایەوە.

هۆكاری ئەو فەرمانە تەنیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تەڵاڵی باوكی وەلید لە بنەماڵەیەكی لبنانی ژنی هێنا و فەرمانی شای پێشێل كردبوو كە داوای كردبوو كچێكی تری بنەماڵەكە بخوازێت.

تەڵاڵی باوكی وەلید كە بە شازادەی سوور ناوبانگی دەركردووە، لە دژبەرانی حكوومەت و سیاسەتەكانی پاشاكانی سعوودیە بووە و تەنیا لەگەڵ شا عەبدولعەزیزی دامەزرێنەر كۆك بووە، بۆیە چەندان ساڵ بۆ دەرەوەی وڵات دوور خراوەتەوە.

سەرەڕای ئەمە، ئەو پێوەندییەكی خۆشی لەگەڵ شای سعوودیە و بنەماڵەی پاشایەتی هەبوو. دوای بەدەسەڵات گەیشتنی ئامۆزایەكی، پێگەی ئەویش گۆڕانكاری بەسەر هات.

وەلیدی كوڕی تەڵاڵ هەرگیز رووی لە دەسەڵات نەكرد و بەدوای بازرگانی كەوت و ئەو سامانەی وەلید هەیەتی، تەنیا بە بازرگانیكردن بەدەستی هێناوە.

 جگە لەوەی لە بوارەكانی  بازرگانی و هوتێلداری و بیناسازی و میدیادا وەبەرهێنانی كردووە، لە هەمان كاتدا لە زۆر لە كۆمپانیاكانی دنیاش پشكی هەیە و لە گرنگترینیان تویتەر و كورپورێشن و هوتێلەكانی فۆرسێنزە.

كۆمپانیای هۆلدینگ كینگدام هی ئەوە و پێشتریش لە هەریەك لە كۆمپانیاكانی مەكدۆناڵدز، كۆكاكۆلا، پیپسی، ئەی بی، ئەپڵ و ئامازۆن وەبەرهێنانی كردووە.

وەلید بن تەڵاڵ بە هۆی ئەوەی كەسێكی لیبراڵە لە ناو بنەماڵەی پاشایەتی سعوودیە، بەتایبەت ئەوانەی كۆنەپارێز و مەزەوین، دژایەتی دەكرێت.

  یەكێك لەوانە خالد بن تەڵاڵی زڕبرایەتی كە وەلیدی بە درۆزن و پێشێلكردنی یاساكانی شەریعەت تۆمەتبار كردبوو و داوای كردبوو دەسەت بەسەر سامانەكەیدا بگیرێت.

وەلید كە تەمەنی ٦٢ ساڵە، لە هەمان كاتدا خەڵكێكی زۆری سعوودیە بەتایبەت ئەوانەی زۆر مەزەویی نین، خۆشیان دەوێت.

وەلید بن تەڵاڵ بە كەسێكیش بە ناوبانگە كە دژایەتی سەرسەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات و چەندان جار داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە سزای ئێران بدەن  و پاڵەپەستۆی بخەنە سەر.

وەلید بن تەڵاڵ حەزێكی تایبەتی لە میدیایە و زۆرترین پشكەكانی هەریەك لە كەناڵەكانی فۆكس نیوز، رۆژنامەی تایمز و وال ستریت جۆرناڵ هی ئەون.

 ئەو سێ ساڵ لەمەوبەر كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی بە زمانی عەرەبی بنیات نا كە تەمەنی تەنیا یەك شەو بوو. كەناڵی ئەلعەرەب كە بڕیار بوو كەناڵێكی سەربەخۆ بێت، لە بەحرێن دەستی پێ كرد و دواتر بە بیانووی ئەوەی كێشەی تەكنیكی هەیە داخرا. دواتر باس لەوە كرا كە حكوومەتی سعوودیە گوشاری خستە سەر بەحرێن و پێی داخست.

وەلید سەردەمێك بە تایبەتی لە دەیەی نەوەتەكان دۆستایەتی لەگەڵ ترەمپدا هەبوو و تەنانەت كەشتییەكی بە دیاری بە ترەمپ دابوو، لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردنی ئەمەریكا، ئەو دژایەتی ترەمپی كرد و بە فەرمیش داوای لە ترەمپ كرد واز لە خۆپاڵاوتن بهێنێت.

بەگوێرەی "بی بی سی" لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردن، وەلید بە ترەمپی گوت مایەی نەنگە بۆ ئەمەریكا، ترەمپیش وەڵامی دایەوە و گوتی ئەگەر ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا، هەوڵ دەدات رێگری لە چالاكییەكانی وەلید بكات و لێ ناگەڕێت بە پارەی باوكی سیاسەتمەدارانی ئەمەریكا كۆنترۆڵ بكات.

كەسانی نزیك لە وەلیدیش هەڵبژاردنی ترەمپیان بە زیانێك بۆ سەر سعوودیە هەژمار كرد و گوتیان، ترەمپ تەنیا چاوی لە سامانی سعوودیەیە. هەڵبەت دوای ئەوەی ترەمپ بوو بە سەرۆكی ئەمەریكا وەلید بن تەڵاڵ پیرۆزبایی لێ كرد.

وەلید بە ناسراوترین و گەورەترین كەسایەتیی سعوودیە هەژمار دەكرێت كە هەموو كات حەزی كردووە لە وڵاتەكەی چاكسازی بكرێت و ئێستەش لە لایەن كەسێك گیراوە كە دەیەوێت هەندێك چاكسازی بنەڕەتی بكات و سعوودیە بەرەو وڵاتێكی مۆدێرن بەرێت.





وشە - سلێمان تاشان