هەڵگیرساندنی جەنگ لە نێوان سعوودیە و ئێران ئەگەرێكی بەهێزە

:: AM:11:14:08/11/2017 ‌

داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریكە كۆتای پێ دێت و ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی لە دوای داعش لە ناوچەكە دێنە كایەوە، باس لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی دوو دوژمنی دێرینەی ناوچەكە واتا ئێران و سعوودیە دەكەن، مەترسی روودانی جەنگێك كە هەڕەشە لە هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.

لێكۆڵەرەوانی سیاسی سوورن لەسەر ئەوەی كۆتای داعش بە واتای كۆتای توندوتیژییەكان لە ناوچەكە نییە و لەمەودوا هێزەكانی ناوچەكە هەوڵ دەدەن زۆرترین پشكیان لە دەسەڵات و هەژموونی ناوچەیی خۆیان هەبێت و دوو لەو دەوڵەتانەش كە رۆژ بە رۆژ زیاتر لە جاران بەرامبەر بە یەكتر هێز كۆ دەكەنەوە، ئێران و سعوودیەن.

ركابەرییەكانی نێوان ئێران و سعوودیە شتێك نییە تەنیا تایبەت بێت بە دوو وڵاتەكە، بەڵكو بەفراوانی بەرژەوەندییە سیاسییەكان هۆكار بووە لەوەی دوو هاوپەیمانیەتی بێنە كایەوە.

بن ویدمەن كە رێپۆرتەری  "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكییە باسی لە پەرسەندنی دەسەڵات و هەژموونی ئێران لە ناوچەكە كردووە و پێی وایە لەم رووداوانەی دواییش هەژموونی ئێران زیاتر بووە.

هاوپەیمانیەتی یەكەم
بە گوتەی ئەو، ئێران بەشداری لە جەنگی دژی داعش لە عێراق كردووە و لە نزیكەوە هاوكاری حكوومەتی عێراقی كردووە، لە رووی سەربازییەوە یەكەم جار ئێران یارمەتیی پێشكەش بە سوپای عێراق كرد و كۆمەڵێك راوێژكاری سەربازیشتی رەوانە كرد و حەشدی شەعبی رێك لە لایەن سوپای قودسی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، كۆتاهاتنی داعشیش بەو واتایە نییە ئێران ماڵئاوایی لە عێراق دەكات و عێراقیش پێی دەڵێت دەستت خۆش بێت و ئەگەر داعش دیسان هاتەوە ئەوا ئاگادارتان دەكەینەوە.

ئێران لەگەڵ حزبوڵا و رووسیا پاڵپشتی لە رژێمی بەشار ئەسەد دەكات تا پێگەی ئەسەد لە سووریا قایمتر بێت و ئەوا هەژموونی ئێرانیش زاڵتر دەبێت. لە لایەكی ترەوە ئەو پشتیوانییەی ئەوان لە ئەسەدیان كردبووە هۆی شكستپێهێنانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە لە لایەن سعوودیە، ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو پشتیوانی دەكران. كۆماری ئیسلامی هەر لە دوای دروستبوونییەوە پاڵپشتی لە بنەماڵەی ئەسەد كردووە.

سەركەوتنی حووسییەكانی یەمەنیش بە پشتیوانی سەربازی و دارایی ئێران گرێ دراوە و لەم دواییانە توانیویانە پێشڕەوییەكی زۆر بكەن.

پاڵپشتی ئێران لە حزبوڵای لبنانیش بۆ ساڵی ١٩٨٢ دەگەڕێتەوە، واتا دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی كردە سەر لبنان لەو كاتەوە ئێران پاڵپشتی لە حزبوڵا دەكات.

جەنگی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، وای كرد دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە زیاتر پەرە بستێنێت.

لە لایەكی ترەوە ژمارەی دانیشتووانی ئێران ٨٠ ملیۆن كەسە و ئەو داهاتەی ئێران بە هۆی هەناردەی نەوت دەستەبەری دەكات، فاكتەرێكی ترە لە بەهێزبوونی ئێران لە ناوچەكە و بووەتە هۆی ئەوەی ئێران لە ئاستی ناوچەكەدا دەستێوەردانی زیاتر لە وڵاتاندا بكات و ئەمەش ناڕەزایەتی سعوودیەی لێ كەوتووەتەوە.

هاوپەیمانیەتی دووەم
لەم هاوپەیمانیەتییەدا سعوودیە لە لایەن كۆمەڵێك وڵاتی عەرەبی ناوچەكە پشتیوانی دەكرێت، لەوانەش میسر و ئوردن. هاوكات ئەمەریكاش لە سەردەمی دەسەڵاتی ترەمپدا پشتیوانی زیاتری لە سعوودیە كردووە و ناشكرێت هەر لەو هاوپایمانیەتییەدا رۆڵی ئیسرائیل فەرامۆش بكرێت كە دژایەتیی سەرسەختی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز باس لە ئەگەری پێكدادانی سەربازیی نێوان ئێران  و سعوودیە دەكات بە تایبەت دوای ئەم گۆڕانكارییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا روویان دا.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" عادل جەبیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە دیمانەیەكدا كە لەگەڵ تەلەڤزیۆنەكەی كردووە و گوتوویەتی، ئەو مووشەكانەی حووسییەكان بەرەو سعوودیە هاویشتوویانە، بە واتای راگەیاندنی جەنگ لە لایەن ئێرانەوە دێت.

ئەو هەروەها دەڵێت، سعوودیە ئەم هەنگاوەی ئێران بە بێ وەڵام ناهێڵێتەوە و نابێت ئێران چاوەڕوانی ئەوەی هەبێت بێدەنگ بین لە كاتێكدا شارەكانمان مووشەكباران دەكات.

سعوودیە لە لایەكی ترەوە حزبوڵای لبنانیش بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەستی هەبووە لە یارمەتیدانی حووسییەكان بۆ ئەوەی هێرشی مووشەكی بكرێتە سەر ئەو وڵاتە. وا لێك دراوەتەوە، بۆیە سەعد هەریری دەستی لە كار كێشایەوە بۆ ئەوەی سعوودیە گوشارێكی زیاتر بخاتە سەر حزبوڵا و هەریریش ئەوەی نەشاردەوە ئێران خەریكی چ پیلان و خراپكارییەكە لە ناوچەكەدا.

حەسەن نەسروڵا دوای دەست لەكاركێشانەوە هەریری، دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە سعوودیە راگەیاند، گوتی سعوودیە هەریری بە بارمتە گرتووە و سعوودیەش وەڵامی دایەوە و گوتی ئەوە ئێران و حزبوڵایە كە لبنانیان بە بارمتە گرتووە.

هاوكات پرسی ئەو هەڵمەتەی شای سعوودیە دەستی پێ كردووە و دەیان شازادە و سەدان كەسایەتی وڵاتی دەستبەسەر كردووە، نیشانەیەكن بۆ ئەوەی بگوترێت لە ناوچەكەدا گۆڕانكاریی گەورە بەڕێوەیە





وشە - سلێمان تاشان