ڕۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرا

:: PM:06:17:13/11/2017 ‌
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بانگێشتی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی ئاسایی لە ڕۆژی چوارشەم 15ی تشرینی دووەم.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی تشرینی دووەم، ماڵپەری پەرلەمانی كوردستان بڵاوی كردەوە كە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بانگێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان دەكات بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ژمارە پێنجی ئاساییی خولی پاییزە، لە كاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەم رێككەوتی 2017/11/15.

لە بانگێشتنامەكەدا هاتووە، بەپێی حووكمی بڕگە (1)ی ماددە (5) و بڕگە (2)ی ماددەی (17) و بڕگە (1)ی ماددەی (18) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، بڕیاریاردرا بۆ بانگهَشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان بۆ دانیشـتنی ژمارە (5)ی ئاسایی خولی پاییزە.

لەوبارەوە بەهزاد دەروێش سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە دانیشتنەكەدا گفتوگۆ لەسەر یاسایی بەكرێدانی خانوو دەكرێت و گفتووگۆش لەبارەی كێشەی یاسایی و دەستوورییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم