هاوكارییەكانی توركیا گەیشتە زاخۆ

:: PM:06:44:13/11/2017 ‌
دوای ئەوەی بڕیار درا كە لە توركیاوە هاوكاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی شەوی ڕابردووی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئێستە 21 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری هاوكارییەكان گەیشتنە زاخۆ و بڕیار وایە ئەمشەو بگەنە هەولێر.

سەرچاوەیەك لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمرۆ ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری توركیا كە پڕبوون لە كەلوپەلی هەمەجۆری هاوكارییە مرۆییەكان بۆ زیانپێكەوتووانی بوومەلەرزەكەی هەرێمی كوردستان گەیشتنە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل.

سەرچاوەكە گوتی، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە 21 بارهەڵگربوون و دوای ئەوە كە مامەڵەكانیان بەرێوەچوون ڕەوانەی هەولێر دەكرێن و بڕیاریشە سبەی ئۆتۆمبێلەكانی تری هاوكارییە مرۆییەكانی توركیا بگەنە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و هەرێمی كوردستان.

"ئەوانەی ئەمڕۆ گەیشتوون نزیكەی 250 تۆن كەلوپەلی جیاواز بوون" سەرچاوەكە وا دەڵی.

شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا و كوێت و سعوودیە و ئێرانی گرتەوە و لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان زیانی زۆری گیانی و مادی لێ‌ كەوتەوە.

زاخۆ / نەوزاد هلۆری
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم