بەرشەلۆنە بەنهێنی لەگەڵ گریزمان رێككەوتووە

:: PM:01:40:14/11/2017 ‌

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەشێوەی نهێنی و راستەوخۆ لەگەڵ ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی و هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی رێككەوتووە.

ماڵپەڕی (لۆ 10 سپۆڕت)ی فڕەنسی بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە بەشێوەیەكی بەرچاو لە گفتوگۆكاندا لەگەڵ گریزمان نزیك بووەتەوە و تەنانەت لەگەڵ خودی یاریزانەكە تەواوی كارەكانی گواستنەوەی بڕاندووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە گفتوگۆكانی نێوان یانەی بەرشەلۆنە و گریزمان هەنگاوی باشییان بڕیوە و بەشێوەیەكی سەرەتایی رێككەوتنێك لەنێوانیاندا ئەنجامدراوە، ئەوەی لەسەر یانەی بەرشەلۆنەدا ماوە ئەوەیە كە رێككەوتن لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بكات.

گریزمان لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا نزیك بوو پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە بكات، بەڵام بەهۆی سزاكانی سەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدەوە یاریزانەكە بڕیاری تا سەری ساڵ لە یانەكە بمێنێتەوە.

گریزمان لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ئاستی وەك پێویست نییە و لە كۆی بەشداری 13 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا تەنیا 3 گۆڵی تۆمار كردووە و 3 گۆڵی تریشی دروست كردووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م