نێچیرڤان بارزانی لە دەربەندیخان:
بودجەمان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزە تەرخان كردووە

:: PM:02:15:14/11/2017 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری و كۆمەڵێك وەزیر لە دەربەندیخانە، بۆ ئەوەی قوربانییان و كاریگەرییەكانی بوومەلەرزە بەسەر بكاتەوە و لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیشدا گوتی، بودجەیان بۆ ئەوە تەرخان كردووە قەرەبووی زیان لێكەوتووانی بوومەلەرزەكە بكەنەوە.

ئەو لەبارەی  بەنداوی دەربەندیخانیش رای گەیاند، لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا رێك كەوتوون بۆ ئەوەی لیژنەیەك بنێرن بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكە.

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی لە نزیك هەڵەبجە رووی دا زۆرترین زیان بەر دەربەندیخان كەوت، بۆیە شاندەكەی حكوومەت ئەو شوێنەیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بەسەری بكەنەوە.

لە هەرێمی كوردستان بە هۆی بوومەلەرزە هەشت كەس گیانیان لە دەست دا كە پێنج كەسیان لە دەربەندیخان بوون و سەدان كەسیش بریندار بوون.

هەریەك لە دكتور رێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی، نەورۆز مەولوود وەزیری شارەوانی، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە، عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، یاوەری نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەكەن.

بوومەلەرزەكەی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەم، لە تەواوی هەرێمی كوردستان هەست پێ كرا و بەهێزترین بوومەلەرزە بووە كە تا ئێستە لە هەرێمی كوردستان رووی داوە.

زۆرترین كاریگەری ئەو بوومەلەرزەیە لە سەر رۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە بە هۆیەوە سەرووی ٤٠٠ كەس گیانیان لەدەست دا و بە هەزاران خانووش خاپوور كران.

هەر لە  كۆنفرانسەكەدا سەرۆكی حكوومەت پرسەی ماتەمینی ئاراستەی خێزانی ئەو كەسانە كرد كە لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان بە هۆی بوومەلەرزە گیانیان لە دەست داوە.






وشە - سلێمان تاشان