20 بوومەلەرزەی كارەساتباری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لە 100 ساڵی رابردوودا

:: PM:04:50:15/11/2017 ‌

 

ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر هێڵی مەترسیداری بوومەلەرزە هەڵكەوتوون و ئەو بوومەلەرزەیەی لە كرماشان رووی دا شتێكی نوێ نییە و چەند ساڵ جارێك لەو وڵاتە ئەو جۆرە رووداوە سروشتییانە دووبارە دەبنەوە.

 

لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا لانی كەم ٢٠ حاڵەتی بوومەلەرزە لە ئێران رووی داوە كە بەهێز بوون و بوومەلەرزەكان بە  دەیان هەزار قوربانیان لێكەوتووەتەوە.

 

تەنیا لە پێنج ساڵی رابردوودا چوار بوومەلەرزە لە ئێران رووی داوە كە بەهێزترینیان لە سیستان و بەلووچستان رووی دا و بە گوڕی ٧.٨ بە پلەی ریختەر بوو. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە بوومەلەرزەكەی كرماشان بە گوڕی ٧.٣ بە پێوانەی ریختەر بوو.

 

لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا نزیكەی ٢٠ بوومەلەرزە رووی داوە كە گوڕیان لە سەرووی شەش پلە بە پێوانەی ریختەر بووە و تەنانەت حاڵەتی بوومەلەرزە هەبووە كە گوڕەكەی ٩.٦ پلە بە پێوانەی ریختەر بووە.

 

لێرەدا بە گوێرەی ساڵ ئاماژە بە ٢٠ بوومەلەرزەی بەهیزی ئێران دەكەین كە سێ لەو بوومەلەرزانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رووی داوە. لەو سێ حاڵەتەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە رووی گوڕەوە بوومەلەرزەكەی كرماشان لە پلەی دووەمدایە لە رووی هێز و گوڕی بوومەلەرزە و حاڵەتی بەهیزتر لە رۆژهەڵاتی كوردستان رووی داوە كە بۆ نزیكەی سەدەیەك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

 

ریزبەندی ٢٠ بوومەلەرزەی بەهیزی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا بە گوێرەی ساڵی روودانیان:

 

١-لە ساڵی ١٩٣٠ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٤ بە پلەی ریختەر سەڵماسی پاریزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانی هەژاند و بەهۆیەوە دوو هەزار و ٥١٤ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

٢-لە ساڵی ١٩٦٠ لە لاری سەر بە پاریزگای فارس بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٦ بە پێوانەی ریختەر رووی دا و بە هۆیەوە ٤٠٠ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

٣-لە ساڵی ١٩٦٢ لە پاریزگای قەزوین بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٢ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە ١٢ هەزار و ٢٠٠ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

٤-لە ساڵی ١٩٦٩ لە دەشتی بیازی پارێزگای خوراسانی باشوور بوومەلەرزە بە گوڕی ٧.٤ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە ١٠ هەزار و ٥٠٠ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

٥-لە ساڵی ١٩٧٢ لە ناوچەی قیری پاریزگای فارس بوومەلەرزەیەكی بە هیز بە گوڕی ٩.٦ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە چوار هەزار كەس گیانیان لەدەست دا.

 

٦-لە ساڵی ١٩٧٧ لە ناوچەی خوركوی پاریزگای هورموزگان بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە ١٢٨ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

٧-لە ناوچەی تبسی پاریزگای خوراسانی باشوور لە ساڵی ١٩٧٨ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٧ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە ١٩ هەزار و ٦٠٠ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

٨-هەر لەو پاریزگایە لە ساڵی ١٩٧٩ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.١ بە پلەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە ١٣٥ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

٩-لە ساڵی ١٩٨١ لە ناوچەی سیرچی پاریزگای كرمان بوومەلەرزە بە گوڕی ٧.٤ رووی دا كە بە هۆیەوە هەزار و ٣٠٠ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

١٠-ساڵی ١٩٩٠ لە روودباری پاریزگای گیلان بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٤ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە ٣٥ هەزار كەس گیانیان لەدەست دا.

 

١١-لە ساڵی ١٩٩٧ لە بیرجەندی پارێزگای خوراسانی باشوور بوومەلەرزە بە گوڕی ٧.٣ بووە هۆی مردنی هەزار و ٥٠٠ كەس.

 

١٢-لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ناوچەی ئاوچی پاریزگای هەمەدان بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٦.٦ بە پێوانەی ریختەر رووی دا و بووە هۆی مردنی ٢٦١ كەس.

 

١٣-ساڵی ٢٠٠٣ لە بەمی پاریزگای كرمان بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٥.٦ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بەهۆیەوە ٤١ هەزار كەس گیانیان لەدەست دا.

 

١٤-لە ساڵی ٢٠٠٤ و لە فیروزئابادی پارێزگای فارس بوومەلەرزە بە گوڕی ٦.٣ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە ٣٥ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

١٥-لە ساڵی ٢٠٠٤ لە ناوچەی زەرەندی پاریزگای كرمان بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٦.٤ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە ٦١٢ كەس مردن.

 

١٦-ساڵی ٢٠٠٦ لە برووجێرد و دروودی پاریزگای لۆڕستان بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٦.٣ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە ٢٦١ كەس گیانیان لە دەست دا.

 

١٧-ساڵی ٢٠١٠ لە پاریزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات بوومەلەرزە بە گوڕی ٦.١ بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە بە هۆیەوە سەرووی ٣٠٠ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

١٨-لە ساڵی ٢٠١٣ بوومەلەرزەیەك  بە گوڕی ٦.١ لە ناوچەی دەشتی پاریزگای بووشەهر رووی دا و بەهۆیەوە ٣٧ كەس گیانیان لەدەست دا.

 

١٩-ساڵی ٢٠١٣ لە ناوچەی سەراوانی پاریزگای سیستان و بەلووچستان بوومەلەرزە بە گوڕی ٧.٨ رووی دا و بە هۆیەوە ١٠٠ كەس مردن.

 

٢٠-لە ساڵی ٢٠١٧ لە پاریزگای كرماشان بوومەلەرزە بە گوڕی ٧.٣ بە پێوانەی ریختەر رووی دا و بە هۆیەوە سەرووی ٤٣٠ كەس گیانیان لەدەست دا.


 

 



وشە - سلێمان تاشان