ئەو پێنج نیشانەی پیاو نابێت فەرامۆشیان بكات

:: PM:07:53:12/11/2016 ‌

زۆر جار لەبەر هەر هۆیەك پیاوان باجی گوێنەدان و فەرامۆشكردنی تەندروستی خۆیان دەدەن، لە بەریتانیا ساڵانە 100 هەزار پیاو لە تەمەنێكی زوو بەهۆی كێشەكانی پرۆستا و هیتریش دەمرن، كە رەنگە هۆكاری سەرەكی مردنیان فەرامۆشكردنی نیشانەكانی سەرەتایی دەركەوتنی ئەو نەخۆشییانە بووە، بۆیە وریابن.

ناوەندی سەردانی پیاوان بۆ پزیشك نیوەی ئەوەندەی ئافرەتانە، بۆیە پێویستە گرنگی بە هەر گۆڕانێك بدرێت كە لە لەش وەیا لە تەندروستی مرۆڤ روو دەدات و پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشك بكرێت، بۆیە لە خوارەوە پێنج كێشەی پیاوان باس دەكەین كە پێویستە لەگەڵ دەركەوتنی نیشانەكانی سەردانی پزیشك بكرێت:

1-دەركەوتنی تەنێك لەسەر گونەكان، شێرپەنجەی گون باوترینیانە لە پیاواندا بەتایبەتی لە نێوان تەمەنی 20-35 ساڵ و لە بەریتانیا ساڵانە دوو هەزار پیاو شێرپەنجەی گونیان لێ دەست نیشان دەكرێت.

بۆیە ئەگەر هەستت بە دەركەوتنی بارستەیەك وەیا شێوانی شێوەی گونەكانت كرد ئەوە راستەوخۆ سەردانی پزیشك بكە، راستە زۆرینەی بارستەكانی سەر گون شێرپەنجەیی نییە، بەڵام پێویستە پكشنینیان بۆ بكرێت و ئاشكرابوونی شێرپەنجەی گونیش لە قۆناغەكانی سەرەتایی كاریگەری گەورەی لەسەر چارەسەركدنی هەیە.

2-خاڵەكان، پێویستە لەگەڵ بوون و دەركەوتنی خاڵ لەسەر پێست مرۆڤ بەشێوەیەكی خولی پشكنین بكات و سەردانی پزیشك بكات بۆ زانینی گۆڕان لە رەنگ و شێوەی خاڵەكان وەیا خوێنبەربوون كە زۆرینەی خاڵەكان ئاسایین، بەڵام پێویستە بچیتە لای پزیشك، هەروەها بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پێست پێویستە لە تیشكی خۆر خۆت بپارێزیت بەتایبەتی لە نێوات سعاتەكانی 11ی پێش نیوەڕۆ بۆ سێی دوای نیوەڕۆ و دەشتوانی پارێزەر لە تیشكی خۆر بەكار بێنیت. 

3-هەستكردن بە خەمۆكی: یەكێكە لە نەخۆشییە دەروونییە مەترسیدارەكان و كار دەكاتە سەر خواست و ئارەزووی و توانای كاركردنی مرۆڤ و ژیانی هاوسەری و سۆزدارییەكەیەوە، بۆیە ئەگەر ئەو حاڵەتەت لێ دەركەوت سەردانی پزیشك بكە و خۆت چارەسەر بكە.

خەمۆكی لای ئافرەت زیاترە، بەڵام پیاوان زیاتر بەو هۆیەوە خۆیان دەكوژن و رەنگە هۆكارەكەشی ئەوە بێت كە پیاوان كەمتر ویستی یارمەتیدانیان هەیە و بەرهەڵستی دەكەن، هەروەها پاڵەسەتۆی دارایی و بێكاری و قەرزداری رۆڵیان هەیە.

4-كێشە لە میزكردندا، ئەو كاتەی پرۆستات هەڵدەئاوسێت پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر لوولەی گواستنەوەی میز لە میزڵدانەوە، رەنگە ئەوەش رێگری لە تێپەڕبوونی میزەكە بكات كە نیشانەیەكی روونە بۆ نەخۆشی پرۆستات لەوانەش شێرپەنجەی پرۆستات.

لە بەریتانیا شێرپەنجەی پرۆستات زۆر باوە و ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار پیاو لێیان دەردەكەوێت و لە نیشانەكانی تر سووتانەوە و ئازار لەكاتی میزكردن و هەستانەوەی شەو بۆ میزكردن، بۆیە ئەگەر ئەوانەت هەیە سەردانی پزیشك بكە. 

5-رەقنەبوونی چووك، زۆرێك لە پیاوان كێشەیان هەیە لە رەقبوونی چووكیان یان پاراستنی رەقێتییەكەی لەكاتی سێكسدا، بۆیە ئەگەر رووی دا و بۆ چەند هەفتەیەك بەردەوام بوو ئەوە پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت.

رەنگە باشترین شت بۆ ئەو حاڵەتە گۆڕینی شێوازی ژیان و دابەزاندنی كێش و راهێنانی وەرزشی بێت یان رەنگە پێویست بە وەرگرتنی چارەسەری بكرێت وەك وەرگرتنی ڤیاگرا، ئەوەش بە پێی رێنماییەكانی پزیشك.

لە راستیدا رەنگە ئەو حاڵەتە ببێتە نیشانەیەك بۆ نەخۆشی مەترسیدار، وەك نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرە و بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن، كە نیوەی پیاوانی سەرووی تەمەنی 40 ساڵ بەلایەنی كەم جارێك تووشی ئەو حاڵەتە دەبنەوە.

سەرچاوە: سەنتەری نیشتیمانی هەواڵ


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل