"هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و دۆسیەی پەرلەمانتارە كوردەكان قسەی لەسەر نەكراوە"

:: PM:04:26:20/11/2017 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تاوتوێی چەند پڕۆژە یاسایەك كرا، بەڵام پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركووك و ئەو دۆسیەیەی بۆ پەرلەمانتارانی كورد كراوەتەوە كە دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە، نەخرایە بەرنامەی كارەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ی تشرینی دووەم، شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق كە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەك كۆتای هات.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا ڕێ نەدراوە كە پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و دۆسیەی ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە، بخرێتە بەرنامەی كارەوە.

ڕوونی كردەوە كە ئەو دوو پرسەی پێوەند بە هەرێمی كوردستان و پەرلەمانتارانی كورد، هیچ هەنگاوێكی لەسەر نەنراوە. ڕەتی كردەوە كە دۆسیەی ئەو پەرلەمانتارە كوردانە بۆ دادگا ڕەوانە كرابێت.

ئەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لە كاتێكدایە كە دادگای فیدراڵی بەبێ‌ ئامادەبوونی نوێنەری كورد، ڕیفراندۆمی بە نادەستووری لە قەڵەم دا و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەر ئەمڕۆ وەڵامی ئەو بڕیارەی دایەوە و ڕای گەیاند، دەبوو نوێنەری كورد ئامادە بێت و دووپاتی لە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا كردەوە بە مەرجی جێبەجێكردنی تەواوی مادە دەستوورییەكان.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم