میلیشیاكانی حەشدی شەعبی گەنجێكیان خستە ژێر تانكی سەربازییەوە

:: AM:11:16:13/11/2016 ‌

پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بەردەوامە و بەم دواییە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، تێیدا چەند چەكدارێكی حەشدی شەعبی دەردەكەون و گەنجێكی تازە پێگەیشتوو دەخەنە ژێر تانكێكەوە و دەیكوژن، هۆزە عەرەبییەكانی دەوروبەری مووسڵیش داوای وەستاندنی تاوانەكان دەكەن.

سوپای عێراق لە راگەیەنراوێكدا ڕەتی كردەوە كە هیچ سەربازێكیان بەشداری لەم كارە دڕندانەیە كردبێ، هۆزەكانی عەرەبی ناوچەكەش میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەكەن و نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئاماژە بەوە دەكات، میلیشیاكانی شیعە وەك تۆڵەكردنەوەیەك كەسانی سڤیل و بێ چەك لە سێدارە دەدەن و بەئارەزووی خۆیان دەیانكوژن.

لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا چەند كەسێك بە جلی سەربازییەوە دەردەكەون و خۆیان وەك سەربازی سوپای عێراق دەناسێنن، بەوپەڕی دڕندەیییەوە ئەشكەنجەی گەنجێكی تازە پێگەیشتوو دەدەن و دواتر دەیخەنە ژێر تانكی سەربازییەوە و كۆتا بە ژیانی دەهێنن.

ئەو ڤیدیۆیە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی تەنیوەتەوە و هەمووان هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی عێراق بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە دڕندە و بێ ویژدانییە، خەڵك دڵنیایی دەدەن كە ئەم گرتە ڤیدیۆیییە لە شەڕەكانی دەوروبەری مووسڵ تۆمار كراوە، بەڵام تا ئێستە ناسنامەی بكەرانی ئەو تاوانە ئاشكرا نەكراوە.

لە رۆژانی ڕابردوو چەندان ڤیدیۆ و تۆماری تریش بڵاو كرانەوە كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە گوندەكانی دەوروبەری گەیارە و شۆرە دەیان تاوانی دژ بە مرۆیی ئەنجام دەدەن و لەلایەن رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوەش بە توندی هێرش كرایە سەر سەرپێچیكارانی مافی مرۆڤ و داوا لە حكوومەتی عێراق كرا كە لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە بكات.

حەشدی شەعبی لە 13ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەسەر بنەمای فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف بۆ پاراستنی شوێنە ئاینییە پیرۆزەكانی شیعە و پاڵپشتیكردنی سوپای عێراق دامەزرا، ژمارەیان 140 هەزار چەكدار دەبێت و بودجە و چەكیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ دابین كراوە و لە میانەی بەشدارییان لە شەڕەكانی ئەنبار و  تكریت و فەلووجە و ناوچەكانی دیالە و باشووری كەركووك، پێشێلكاری گەورەیان بەرامبەر بە یاساكانی جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە، لە تكریت ماڵ و سامانی خەڵكیان دزی و لە فەلووجە بە مووشەك هاووڵاتییانی سڤیلیان بۆردمان كرد و لە دیالە و ناوچەكانی تریش نزیكەی 250 مزگەوتیان وێران كردووە و تەقاندوویانەتەوە.

سەرچاوە/ ئەلعەرەبییە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د