بەهۆی خۆپیشاندانەوە ڕێی چەند كێڵگەیەكی نەوتی داخرا

:: PM:02:34:06/12/2017 ‌
لە بەرانبەر نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندەكەیاندا، هاووڵاتییانی‌ گوندێكی‌ سنووری شارۆكەی كۆیە، خۆپیشاندانێكیان ئەنجام دا و ڕێی سەرەكیی‌ كێڵگە نەوتییەكانی‌ "شیوەشان" داخران كە تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە ڕێیەكە نەكراوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی كانوونی یەكەم، ژمارەیەكی‌ زۆر لە هاووڵاتییانی‌ گوندی‌ "قوڵقووڵە" لە سنوری‌ دەشتی‌ كۆیە خۆپیشاندانێكیان  ئەنجام دا و رێی‌ سەرەكیی‌ كێڵگە نەوتییەكانی‌ شیوەشانیان داخست.

محەمەد عەلی هاووڵاتییەكی بەشداربوونی خۆپیشاندانەكەیە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی‌ كێڵگە نەوتییەكانی‌ سنوورەكەوە، كێشەی زۆر‌ بۆ هاتوچۆ لەسەر رێیەكان دروست بووە و زۆربەیان بە تەواوی تێكچوون و هیچ خزمەتگوزارییەكیان نییە.

هاووڵاتییانی خۆپیشاندەر رێی‌ شیوەشانیان بە تەواوی داخست كە ڕێی ژمارەیەك پاڵاوتگەی نەوتی سنوورەكە دەگرێتەوە.

یەكەم جار نییە خۆپیشاندانی لەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت، پێشتریش هاووڵاتییانی گوندەكانی گۆپتەپە و شیواشۆك بەهۆی زۆری پێدا ڕۆیشتنی تانكەرەكانی نەوت خۆپیشاندانیان ئەنجام دابوو.

شارۆكەی كۆیە بەدووریی 55 كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر هەڵكەوتووە و لە ڕووی كارگیڕێیەوە سەر بە هەولێرە و ژمارەیەك گوند دەكەونە سنوورەكە كە بەدەشتی كۆیە ناسراون و چەندان كێڵگەی نەوتیش لەو سنوورەدا هەن.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم