بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ سێ كەس گیانیان لە دەست دا

:: PM:02:43:07/12/2017 ‌


پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێوان شارەدێی كەڵەك و شارۆكەی بەردەڕەش لە نزیك گوندی قادسیە، بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ پێنج كەس بوونە قوربانی.

ئازاد تەها بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێی گشتی نێوان هەردوو شارەدێی كەڵەك و شارۆكەی بەردەرەش لە نزیك گوندی قادسیە، بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ پێنج كەس بوونە قوربانی و لەوانە سێ كەس گیانیان لە دەست داوە.

ئەو گوتی رووداوەكە لە نێوان ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر پیكاب و ئۆتۆمبێلێكی تایبت رووی داوە و دوو لەو كەسانەی كە گیانیان لە دەست داوە، ئافرەتن و هۆكاری رووداوەكەش دەگەڕێتەوە بۆ خێرایی لێخۆڕین و پێشبڕكێ لە هاژووتنی ئۆتۆمبێلدا، تەرمی ئەو قوربانییانە رەوانەی پزیشكی داد كراوە و بریندارەكانیش رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ئاكرێ كراون".

بەپێی زانیارییەكان، هەریەك لە  شەیما عەباس، عالیە سەرحان و فەرمان موحسین عبدوڵا گیانیان لە دەست داوە و بریندارەكانیش  بەناوی محەمەد موحسین عەبدوڵا و میعاد موحسین عبدوڵان.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی دهۆك، ساڵانە رێی نێوان بەردەڕەش بۆ كەڵەك زۆرترین قوربانی لێ دەكەوێتەوە بەهۆی خراپی رێگەكە.

بەردەڕەش / نەوزاد هلۆری:







وشە - سلێمان تاشان