خەڵک لە کڕینی گۆشتی سەر شەقامەکان ئاگەدار دەکرێتەوە

:: PM:02:46:07/12/2017 ‌
قایمقامیەتی‌ سلێمانی‌ پەیامێك ئاراستەی‌ هاووڵاتییانی‌ شارەكە دەكات و لەبارەی گۆشتی‌ سەر ڕێگەوبانەكان ئاگەداریان دەكاتەوە، ئەو ئاژەڵانەی‌ لەسەر شەقام دەفرۆشرێن دوور لە ڕێنوێنییەكانی ڤێرتەرنەرییە و گۆشتەكەشی جێی‌ مەترسییە بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، بەگوێرەی‌ ڕاگەیەنراوێكی‌ قایمقامیەتی سلێمانی كە تێیدا هاتووە، گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان ڕای دەگەیەنێت، "دەست بەسەر هەشت سەر ئاژەڵی سەربڕاودا گیراوە كە خاوەنەكەی بەنیاز بووە لەسەر شەقامەكان بە هاووڵاتییانی بفرۆشێت".

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان دەڵێت، "پێشتر ئەو گۆشتفرۆشانە ئاگەدار كراونەتەوە، تەنیا لە كوشتارگەی سلێمانی ئاژەڵ سەرببڕدرێت و ڕێ نادرێت گۆشتفرۆشەكان لە ماڵەكانیان ئەو كارە بكەن، هەروەها فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامەكان و ئەو شوێنانەی مەرجەكانی تەندروستی جێبەجێ ناكەن، ڕێگە پێدراو نییە".

بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری پشكنینیان بۆ گۆشتی سەر شەقامەكان كردووە و دەركەوتووە دوور لە ڕێنوێنییەكان سەر دەبڕێن و گۆشتەكەش مەترسی بۆ سەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست دەكات، خاوەنی‌ ئاژەڵەكانیش ڕووبەڕووی‌ یاسا دەكرێنەوە. سەرۆكی لیژنەی هاوبەشەكان قایمقامی سلێمانی وا دەڵێت.

پێشتر "وشە" لە ڕاپۆرتێكی ئاشكرای كردبوو كە ئەو گۆشتەی لەسەر شەقامەكان دەفرۆشێت، دوای سەربڕینی ئاژەڵەكە زیاتر لە چەند جۆر لە ڤایرۆسی مەترسیدار بڵاو دەكاتەوە.



وشە - رامیار جەواد