چه‌ند بۆمبێكی ناپاڵمی بەعس لە كوردستان دۆزرانەوە

:: PM:01:45:13/12/2017 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم لە شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ژمارەیەك بۆمبی نەتەقیوی سەردەمی بەعس لەلایەن جووتیارێكەوە دۆزرانەوە، دوای ئاگەداركردنەوەی لایەنی پێوەندار، تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری مینی سلێمانی بۆمبەكانیان بردە شوێنێكی چۆڵ و تەقاندیانەوە.

بەختیار فەتاح سەرپەرشتیاری تیمی تەقاندنەوەی بۆمب لە بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری مین لە سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، جووتیارێكی سنووری شارۆكەی پێنجوێن لە كاتی كاركردن لە زەوییە كشتوكاڵییەكەی، چەند بۆمبێكی نەتەقیوی سەردەمی بەعسی دۆزییەوە، دواتر پێوەندی بە لایەنە پێوەندارەكانی سنوورە كرد و ئەوانیش ئێمەیان لێ ئاگەدار كردەوە.

زیاتر گوتی، كاتێك چووینە شوێنەكە و پشكنینمان كرد، بۆمان ڕوون بووەوە بۆمبەكان لە جۆری ناپاڵمن و مێژووەكەیان بۆ شەڕی نێوان عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە و دروستكرانی ئیسپانیا و ڕووسیا بوون، دواتر بۆمبەكانمان هەڵگرت و بەرەو شوێنێكی دوور لە ئاوەدانیمان بردن و لەوێ بە شێوەیەكی زانستی و بێ ئەوەی هیچ زیانێكی لێ بكەوێتەوە، تەقێنرانەوە، پێشبینی دەكەین بۆمبی زیاتریش لە سنوورەكە بوونی هەبێ، چونكە ناوچەیەكی سنوورییە و پێشتر مەیدانی جەنگ بووە.

ئاماژەی دا، یەكێك لەو بۆمبانە لە جۆری "فاب"ە و بە یەكێك لە بۆمبە زەبەلاحەكان دادەنرێ و كێشەكەی 500 كیلۆگرام دەبێ، سەرجەم بۆمبە دۆزراوەكان لە ئاسمانەوە ئاراستەی زەوی كراون و بۆمبی وێرانكەر و مەترسیدارن.

پێنجوێن بەهۆی ئەوەی دەكەوێتە سەر سنووری ئێران، لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران ناوچەیەكی گەرمی جەنگ بووە و بە هەزاران مین و تەقەمەنی و بۆمبی جۆراوجۆر لەلایەن هەردوو وڵاتەوە لەسەر سنوورەكان دانراون و ئێستەیش مەترسی گەورەیان لەسەر ژیانی دانیشتووانی پێنجوێن و گوندەكانی سنوورەكە هەیە.

پێنجوێن/ڕێبین پێنجوێنی.





وشە - باز ئه‌حمه‌د