"ئەمەریکا لە ماوەی سەرۆکایەتیی تره‌مپیش پابەندی ناتۆ دەبێت"

:: PM:05:09:15/11/2016 ‌

باراک ئۆباما کۆتا سەردانی بۆ وڵاتانی ئەورووپا دەست پێ کردووە و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی لە یۆنان، بەڵێنی مانەوەی ئەمەریکای لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ بە وڵاتانی ئەورووپی دا و رای گەیاند، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی تره‌مپیش هەر پابەند دەبن بە ناتۆ.

ئەمڕۆ سێشەم، 15ی تشرینی دووەم، باراک ئۆباما، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتە ئەسینای پایتەختی یۆنان و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە.

ئەوە دوا سەردانی باراک ئۆبامایە وەک سەرۆکی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی ئەوروپایی و چاودێرانی٦ سیاسەتی نێودەوڵەتی پێیان وایا ئەو سەردانە لەدوای نیگەرانییەکانی یەکێتی ئەوروپاوە دێت لە بەرامبەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمەریکا.

بەر لە سەردانەکەی ئۆباما لە فڕۆکەخانەی واشنتن، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دڵنیایی دا بە هاوپەیمانێتی ناتۆ کە ئەمەریکا پابەند دەبێت بە رێکەوتنەکانی بۆ مانەوە و بەرپرسیاربوونی لەبەرامبەر ناتۆدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کە کەمتر لە دوو مانگیتر لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دادەنیشێت، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لەبارەی رێکخراوی ئەتلەنتیکی باکور "ناتۆ" گومانی خۆی لەو هاوپەیمانێتییە دەربڕیبوو و رای گەیاند، ناتۆ هاوپەیمانێتییەکی چەواشەکارانەیە.

راشی گەیاندبوو، ئەگەر ئەندامێکی ناتۆ ئەرکە داراییەکانی لەناو ئەو هاوپەیمانیتییەدا بەجێ نەگەیاندبێت، لەوانەیە لە داهاتوودەا ئەمەریکا هاوکاری ئەو وڵاتە نەکات.

باراک ئۆباما دوای دانیشتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا بەرەو وڵاتانی ئەوروپا گەشت بکات و وەک ئاژانسی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی پێ دەدات، بڕیارە دوای سەردانەکەی لە ئەسینا بەرەو ئەڵمانیا بەڕێ بکەوێت و لەگەڵ ئەنجیلا مێرکل کۆ ببێتەوە.

سەرچاوە: BBC، دەنگی ئەمەریکا


وشە - هیدایه‌ت جان