بەربەستەكانی بەردەم پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق

:: PM:08:09:06/01/2018 ‌

تا ئێستەیش ناكۆكیی گەورە لە نێوان پێكهاتە و هێزە سیاسییەكانی عێراق هەیە لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2018دا هەیە، كە ئەویش كار دەكاتە سەر سیاسەتی ئابووری حكوومەتی عێراق لە ماوەی ئەمساڵ و وەك شارەزایان دەڵێن و پێشبینی دەكەن، كە بەهۆی گەورەیی ناكۆكییەكان لەناو پەرلەمان پڕۆژە یاسای بودجە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو تێپەڕ ناكرێت. 

مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق وەزارەتەكانی تری ئاگەدار كردەوە بە پڕكردنەوەی پێویستییەكانیان بە میكانیزمی خەرجكردنی پێڕەوكراوی یەك لەسەر دوازدەی بودجەی 2017 بەهۆی پەسند نەكردنی بودجەی ئەمساڵەوە. لیژنەی ئابووری پەرلەمانیش رای گەیاند كە هۆكاری پەسند نەكردنی بودجەكە بۆ دواكەوتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رەوانەكردنی پڕۆژەكە بۆ پەرلەمان دەگەڕێتەوە.

نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە رای گەیاند، ئەو هۆییەی وای كرد، كە ئەنجوومەنی وەزیران دوا بكەوێت لە رەوانەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ بۆ پەرلەمان بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بوو، كە لە پڕۆژەكە نرخەكەی بە 43 دۆلار بۆ بەرمیلێك خەمڵێنراوە، لەو كاتەی ئێستە نرخی نەوت 58 دۆلارە بۆ بەرمیلێك، ئەویش وای كرد، كە حكوومەتی قەبارەی كورتهێنان بۆ 13 ترلیۆن دینار كەم بكاتەوە، دوای ئەوەی 23 ترلیۆن دینار بوو.

زیاتر گوتی، هاوكات لە پڕۆژەكەدا سیاسەتی براوە و دۆڕاو لە دیاریكردنی پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان پێڕەو كراوە بە دیاریكردنی 12.6% بۆ هەرێم لە بری 17%، چونكە ئەو بڕەی دیاریكراوە بەشی دانی مووچە ناكات بەگشتی، كاتێك هەرێم پێویستی بە 899 ملیار دیناری مانگانە هەیە بۆ دانی مووچە، لەو كاتەی ئەو رێژە 450 ملیار دابین دەكات.

هەر لەو بارەوە مەیسەم لعێبی عەمیدی كۆلیژی بەڕێوەبردن و ئابووری رای گەیاند، زیانەكانی لە ئەنجامی دواكەوتنی پەسندكردنی بودجەوە دروست دەبێت كاریگەری بۆسەر بڕگەكانی كرێ و مووچەوە دەبێت، چونكە ئەوانە پێكهاتەی سەرەكین لە پڕۆژەكە كە لایەنی وەبەرهێنان تیایدا لاوازە.

ئەو دووپاتی كردەوە، كە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی پەسندكردنی بودجە بۆ ململانێی نێوان بارستە سیاسییەكان بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە دەگەڕێتەوە، هەروەها نمایشكردنی هەریەكەیان بۆ دەرخستنی هێزی سیاسی خۆی. ئەگەرچی پاساوی سیاسی پێوەندی بە بنەما ئابوورییەكانەوە نییە.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 كە كۆتایی پارساڵ حكوومەتی عێراق بۆ پەرلەمانی رەوانە كرد، بڕی بودجەكە بە 108 ترلیۆن دیناری عێراقی دیاری كراوە و بە بڕی كورتهێنانی 13 ترلیۆن دینار و بە كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە 17%وە بۆ 12.67%. 

لای خۆیەوە وەدیع حەنزەڵ سەرۆكی هاوبەندی بانكە تایبەتەكانی عێراق رای گەیاند، كە عێراق لە 2018دا رووبەڕووی سەختیی گەورەی ئابووری دەبێتەوە كە كەمتر نابێت لەوەی لە دوو ساڵی رابردوو رووبەڕووی بووەوە، ئەگەرچی ئێستە بەشێكی تەنگژەی دارایی كە یاخەی عێراقی گرتبوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت نەماوە لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە دوو مانگی رابردوو بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و كەمبوونەوەی ئەمباركراوی دنیا لە نەوت. 

شتێكی دووپاتكراوەیە، كە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا دەبێتە مایەی پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی 2018ی عێراق و بەتێكڕایەك كە رەنگە بگاتە 12 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی، بەڵام بەو هۆیەی كە 90%ی بودجەی عێراق تەنیا پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و كەرتەكانی تر نیوچە پەكخراون، كێشەكان لەبەردەم ئابووری عێراق گەورەن.

ئەو باسی كێشەكانی بەردەم بودجەی 2018 دەكات و دووپاتی دەكاتەوە پێویستە گرنگی بەرۆڵی بانكەكانی تایبەت و گشتی بدرێت كە چاكسازی دارایی بەبێ ئەوان ناكرێت، هەروەها قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی عێراق كە یەكێكن لە كێشە گەورەكان بەهۆی زۆریان و ئەو سوودە دێتە سەریان، هەربۆیە سندووقی نێودەوڵەتی دراو بەباشی زانی بەسێ خاڵ پاڵپشتی بودجە بكرێت ئەوانیش كەمكردنەوەی كەڵەكەبوونی قەرزەكان و كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان و زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی جگە لە نەوتی بۆ چارەسەركردنی تەنیا پشتبەستن بە نەوت و قەرزەكانی ناوخۆیی و دەرەكی.  

بۆیە پێویستە لە داهاتوودا قەرزكردن بەپێی توانای عێراق بۆ دانەوەی قەرزەكان و رێژەی سوود و ماوەی دانەوەی بێت، هەروەها ئەو پارەی وەك قەرز وەردەگیرێت بۆ پڕۆژەكانی پەرەپێدان بچێت نەوەك بۆ بەكارخستن و خەرجییە ناپێویستەكانی حكوومەت، هەروەها قەبارەی قەرزەكان 60% لە قەبارەی بەرهەمی ناوەخۆیی زیاتر نەبێت.

ئەگەرچی بودجەی عێراق گەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام چەندان تێبینی لەسەر هەیە، لەوانە سوننە چەندان تێبینیان لەسەر هەیە و كوردیش نۆ تێبینی داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق، بەدەر لە تێبینییەكانی پەرلەمانتارانی باشووری شیعە، كە ئێستە شیعە گرەو لەسەر تێپەڕاندنی بەزۆرینەی پڕۆژەكە دەكەن بەتایبەتی كە خاوەن زیاتر لە 180 پەرلەمانتارن. 








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل