كشتوكاڵ روونكردنەوە لەسەر ئەگەری ژەهراویبوونی میوەی شلیك دەدات

:: PM:08:55:07/01/2018 ‌
جۆرێك لە میوەی  "شلیك" لە بازاڕەكاندا بڵاو بووەتەوە نرخەكەی زۆر هەرزانە و ترسی لای هاووڵاتییان دروست كردووە و دەنگۆی ئەوە هەیە نەخۆشی بڵاو بکاتەوە.
 
ئەو جۆرە میوە شلیكە زیاتر لەسەر عەرەبانەكان دەفرۆشرێت و كیلۆی بە 1500 دینارە، لە كاتێكدا شلیك لە شوێنەكانی تر كیلۆی لە نێوان سێ‌ بۆ چوار هەزار دینارە.
 
ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی كانوونی دووەم، شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو شلیكەی، كە ئێستە لە بازاڕ هەیە و هەندێ لە هاووڵاتییان پێیان وایە مەترسیدارە و نەخۆشی پێوەیە، یان هۆرمۆنی پێوە كراوە و لە وڵاتی ئێران و توركیاوە دێتە ناوخۆی هەرێم.
 
زیاتر گوتی، هەر مادەیەكی خۆراكی دێتە ناو هەرێم یا سنووری پارێزگای سلێمانی لە سنورەكانەوە تەنیا بە چاو سەیر دەكرێت، كوالیتی كۆنترۆڵی نییە و تا ئێستە هیچ ئامێرێك نییە لە سنوورەكان بۆ پشكنینی ئەو خۆراكانە.
 
ڕوونیشی كردەوە، كە هۆكاری هەرزانی ئەو میوەیە ئێستە ئەوەیە، كە پێوەندی بە وەرزەكانەوە هەیە، چونكە ئەو شلیكە لە ماوەی چوار ڕۆژدا دەگاتە بەر و دەبێت بە زووترین كات بفرۆشرێت بە پێچەوانەوە خراپ دەبێت.
 
هاوكات، دەوەن سەردار ئەندازیاری كشتوكاڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەرمانی قركەر كاریگەری دەبێت لەسەر میوە و سەوزەكان، چونكە چ مادەی قڕكەر بێت یان پەینی كیمیایی ئەگەر بەو ڕێژەیە نەدرێت بە ڕووەكەكان، كە دیاری كراوە نیشتنی ئەو مادەیە لەناو ئەو رووەكانەدا ڕوو دەدەن.
 
زیاتر گوتی، زۆربەی میوەكان لە دەرەوەی وەڵات دەهێنرێن كواڵێتیان باش نییە و هەموو بە دەرمان و مادە گەورە كراون.

ئەوە لە كاتێكدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوویش لە چەندان میدیای تری بیانی دەنگۆی خراپ بوون و ژەهراوی بوونی میوەی جۆری شلیك بڵاو كرایەوە. هەرێمی كوردستان بۆ چەندان جۆری میوە پشت بە وڵاتانی تر دەبەستێت و هاوردەیان دەكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم