بەوێنە.. هەینی بەنگلادیشییەكان لە هەولێر

:: PM:06:57:10/01/2018 ‌

ڕۆژانی هەینی كرێكارە بەنگلادیشییەكان لە شاری هەولێر لە شوێنێكی تایبەت كۆ دەبنەوە و خۆراك و بۆنەی تایبەت بە ولاتی بەنگلادش ئامادە دەكەن و ئەو جۆرە خواردنانەیش ئێستە بووەتە جێگەی سەرنجی هاووڵاتییان.

كۆبیر ئەحمەد، ماوەی ١١ ساڵە لە كوردستان كار دەكات ئەو بۆ "وشە" دەڵێت، ئێستە لە كۆمپانیایەكی گواستنەوە و گەیاندن كار دەكەم و هەموو رۆژانی هەینی لێرە كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی یەكتر ببینین، چونكە رۆژی هەینی رۆژی پشووە، بەڵام هەندێكیان رۆژی هەینیش دەبێ كار بكەین بۆ بژێوی خانەوادەكەمان و بۆیان بنێرینەوە. 

محەمەد ئیسكن، خەڵكی بەنگلادیشە تەمەنی 56 ساڵە خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە لە پاركی شانەدەر كاری خزمەتگوزاری پاككردنەوە دەكات ئەو بۆ "وشە" دەڵێت، برادەران رۆژانی هەینی لێرە كۆ دەبنەوە رۆژی خۆشی و پشوومانە، بەڵام من رۆژی هەینی  لێرە خواردنگەیەكم هەیە كفتەی بەنگلادیشی دەفرۆشم و ئەوانەی لێرە كۆ دەبنەوە لێم دەكڕن وە كوردەكانیش لێم دەكڕن، هەروەها لەبەر خێزانەكەم دەبی كاری زیاتر بكەم بۆ كۆكردنەوەی پارەی زیاتر.
 
موفەسل سەلام، حەوت ساڵە لە كوردستان كار دەكات ئەو بۆ "وشە" دەڵێت، ئێمە رۆژانی هەینی لێرە كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی كاتێكی خۆش بەسەر بەرین دوور لە كار كردن، هەروەها جگە لە بەنگلادیشییەكان هیندی و فلیپینی و نیمپالیكانیش لێرە كۆ دەبنەوە. 

سابیر ئەنوەر، خەڵكی بەنگلادیشە لە بازاڕی داونتاون كارمەندی ئاسایشی داونتاونە ئەو بۆ "وشە" ڕۆژانی هەینی بەو شێوەیە باس دەكات و دەڵێت، رۆژانی هەینی لێرە زۆربەمان كۆ دەبینەوە رۆژێكی خۆش بەسەر دەبەین.

هەولێر/ عەبدوڵا مەرزانی

































وشە - رامیار جەواد