سه‌رچاوه پزیشكییه‌كان له پارێزگای سه‌لاحه‌دین ئاشكرایان كرد، دوو حاڵه‌تی مردن به‌هۆی تووشبوون به ڤایرۆسی ئه‌نفله‌وه‌نزانی به‌راز له پارێزگاكه تۆماركراوه و ژماره‌یه‌كی تری خه‌ڵكیش تووشی ئه‌م په‌تایه بوون.
سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكی له پارێزگای سه‌لاحه‌دینه‌وه ئاشكرای كرد، دوای ئه‌وه‌ی نموونه‌ی خوێنی تووشبووانمان به په‌تای ئه‌نفله‌وه‌نزا ڕه‌وانه‌ی تاقیگه‌ی گشتیی ناوه‌ندی عێراق له به‌غدا كرد، ئێمه وامان ده‌زانی ته‌نیا ئه‌نفله‌وه‌نزای وه‌رزییه و هه‌وكردنی یه‌كجار زۆری به‌دوای خۆی داهێناوه و نه‌خۆشه‌كه‌ی ته‌واو په‌كخستووه، به‌ڵام ئه‌نجامی پشكنینه‌كان ده‌ركه‌وت، دوو تووشبووه‌كه په‌تای ئه‌نفله‌وه‌نزای به‌رازیان گرتووه و پاش ماوه‌یه‌كیش له چاره‌سه‌ركردنیان له كۆتاییدا هه‌ردووكیان گیانیان له ده‌ست دا.
ئاماژه‌ی دا، ئه‌و دوو نه‌خۆشه یه‌كێكیان ناوی "ئیبراهیم حه‌مادی سه‌لمان" بوو له شاره‌دێی زلوعییه، ئه‌وه‌ی تریش ناوی "باسل مجبل غه‌زنه‌فه‌ر" بوو له شارۆكه‌ی به‌له‌د ده‌ژیا، دوای مردنیشیان ڕێوشوێنی پزیشكی ته‌واو به‌رانبه‌ریان گیرایه به‌ر، تا به خاكیان بسپێرن، بێ ئه‌وه‌ی ڤایرۆس و په‌تاكه تووشی كه‌سانی تر بكه‌ن.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، بانگه‌واز و ئاگه‌داریمان بۆ خه‌ڵكی بڵاوكردووه‌ته‌وه، تا سه‌رجه‌میان سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كان بكه‌ن و به پێكۆتی دژه ڤایرۆسی ئه‌نفله‌وه‌نزای به‌راز بكوترێن و پشكنینی ته‌واویان بۆ بكرێ، به‌وهۆیه‌وه‌یش چه‌ند حاڵه‌تێكی تریش له شاره‌كه تۆماركراون و مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی فره‌وان له ناوچه‌كه هه‌یه‌ز