وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕوونكردنەوەییەك بڵاو دەكاتەوە

:: PM:02:35:11/01/2018 ‌

لە ڕوونكردنەوەیەكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشێك لەو میدیاكارانەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەواڵی ئەوەیان بڵاو دەكردەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن 32 هەزار فەرمانبەری لەسەر هێلی شەمەندەفەر هەیە دەڵێت دوورە لە ڕاستی و سەرجەم وەزارەتەكە نزیكەی پێنج هەزار فەرمانبەری هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی كانوونی دووەم، لە ڕوونكردنەوەیەكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە تیایدا هاتووە، ماوەی چەند رۆژێكە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەنگۆ و هەواڵێكی هەڵبەستراو لەبارەی ژمارەی فەرمانبەر و كارمەندانی گوایە (هێڵی شەمەندەفەر) لە هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە لە هەرێمی كوردستان و لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هیچ بەڕێوەبەرایەتیەك و بەشێك نییە بەناوی هێڵی شەمەندەفەر ، ئەوەی هەیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوەی زەمینی و هێڵی ئاسنی و تراموایە و كۆی میلاكاتییان بە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان (748) كارمەندە.

لەبەشێكی ڕوونكردنەوە هاتووە، خستنەڕووی ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەران دوورە لە راستی و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رێژەی میلاكاتی بە دیوانی وەزارەت و هەموو بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی بە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانیشەوە تەنها پێنج هەزار و 481 فەرمانبەرە بە هەمیشەیی و گرێبەستەكانەوە و لە داتاكانیش ئەو رێژەیە تۆماركراوە.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەكۆتایی ڕوونكردنەوەكەی دەڵێت، بۆیە كۆی ئەو دەنگۆیە هیچ راستیەكی تێدا نییە و هەڵبەستراون و لەلایەن خۆشمانەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، هەمیشە دەرگەمان ئاوەڵایە بۆ خستنەڕووی داتاو زانیارییەكان و  ئامادەین بیانخەینەڕوو.

ماوەی چەند ڕۆژێك لە هەرێمی كوردستان دەنگۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەر بەناوی هێلی شەمەندەفەر تۆمار كراوە و مووچە وەردەگرن بڵاو دەكرایەوە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی.

رامیتر 



وشە - رامیار جەواد