سێ پۆستی تری حكوومەتەكەی ترەمپ یەكلا بوونەوە

:: AM:09:18:19/11/2016 ‌

دۆناڵد ترەمپ 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، چەند كەسێكی تری بۆ پۆستە گرنگەكانی حكوومەتی داهاتووی وڵاتەكەی یەكلا كردەوە، كە پۆستەكانی داواكاری گشتی و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی "CIA" لە خۆ دەگرن.

دوێنێ هەینی لە ئەنجامی بەردەوامی هەواڵ و زانیارییەكان لەبارەی دانانی كاندیدان بۆ پۆستە جیاجیاكانی حكوومەتی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، لە تاوەری ترەمپ لە نیویۆرك، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا چەند كاندیدێكی تری بۆ پۆستەكانی داواكاری گشتی و سی ئای ئەی و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا یەكلا كردەوە.

لەبارەی ناوی ئەو كاندیدانەی كە ئەو پۆستانەیان بۆ یەكلا بووەتەوە، میدیاكانی ئەمەریكا بە چڕی باسیان لێوە دەكەن، كە پۆستی داواكاری گشتیی ئەمەریكا بۆ سیناتۆری پێشووی ئەلەباما جێف ساشێنس یەكلا بووەوە.

جێف لە 1981 تا 1993 لە سوپای ئەمەریكا كاری كردووە و دواتر بووەتە داواكاری گشتیی ویلایەتی ئەلەباما لە ساڵی 1994 و لە 2002 تا 2008 وەك سیناتۆری ئەلەباما هەڵبژێردراوە، لە لیژنەی دادوەری سێناتی ئەمەریكا كاری كردووە، لەكاتی هێرشی ئەمەریكاش بۆ رووخانی رژێمی بەعس، جێف دەنگی بە پڕۆژەی جۆرج دەبلیو بوش داوە.


یەكێكی تر لەو پۆستانەی یەكلا بووەتەوە، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكایە كە بۆ جەنەراڵ مایكڵ فالێن بوو، مایكڵ لە 1958 لە دایك بووە و ماوەیەك بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری بووە.

سەرۆكی داهاتووی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمەریكا "CIA" دۆناڵد ترەمپ، مایكڵ ریچارد "مایك پامپیۆی"ی دیاریی كرد، ناوبراو لە ساڵی 1963 لەدایك بووە و بۆ ماوەی چوار خول نوێنەرایەتی ویلایەتی كەنساسی كردووە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، ئەو دژایەتییەكی سەرسەختی رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یەك و ئێران بووە و ئێستەش دەڵێ، هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدەین.

جێی باسە پێشتر دۆناڵد ترەمپ 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، رێنس پریبۆسی وەك سەرۆكی ستافی كاركردنی كۆشكی سپی و ستیڤن بانۆن وەك گەورە راوێژكار و داڕێژەی ستراتیجی كۆشكی سپی دیاری كرد.

سەرچاوە/ TheHill، ویكیپیدیا.

باز



وشە - باز ئه‌حمه‌د