داوا دەكرێت خانەنشینی پەرلەمانتاران نەمێنێت

:: PM:02:46:16/01/2018 ‌
لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر تۆڕی هاوئاهەنگی رێكخراوەكانی هەولێر، لەبارەی خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمان، وەزیرەكان و هێزەكانی پێشمەرگە گردبوونەوەیان ئەنجام دا و یاداشتێكیان ئاراستەی رای گشتی و پەرلەمانی كوردستان كرد.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی كانوونی دووەم، تۆڕی هاوئاهەنگی رێكخراوەكانی هەولێر لە پەرلەمانی كوردستان یاداشتێكیان ئاراستە كرد و ڕایان گەیاند، لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و بەهەدەرنەدانی سامانی گشتی، بۆ دەستپێكی گەورەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، داوا دەكەین سەرجەم پەرلەمانتارانی كوردستان لە خولی یەكەم تا خولی چوارەم بەهیچ شێوەیەك خانەنشینكردن نەیانگرێتەوە.

یاداشتەكە تێیدا هاتووە، ئێستە %70ی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، خانەنشینی دەیانگرێتەوە كە بە پێویستی دەزانین دوای تەواوبوونی ماوەی چوار ساڵ بگەڕێنەوە سەر كاری پێشووی خۆیان.

لەبارەی گردبوونەوەكە سیروان گەردی سەرۆكی تۆڕی هاوئاهەنگی رێكخراوەكانی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە گردبوونەوەكەیاندا تەنیا لە لایەن فراكسیۆنی پارتی پێشوازی كراون و یاداشتەكەیان ئاراستە كردووە.

روونی كردەوە كە ئەوان بەردەوام دەبن لە چالاكییەكانیان لەوبارەیەوە تا بەهەدەردانی گشتیی لە هەرێمی كوردستان بەرەو كەمبوونەوە بچێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بەپێی ئەو پڕۆژە چاكسازیی خانەنشینیان كە ئێستە لە پەرلەمانی كوردستانە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیرەكان بەمەرج دەكرێت و پێویستە ئەو كەسەی خانەنشین دەبێ‌، تەمەنی لە سەرووی 50 ساڵیدا بێ‌.

 






وشە - سه‌رخێڵ هاشم