50 زیندانی لە سلێمانی ئازاد دەكرێن

:: PM:05:56:16/01/2018 ‌

لیژنەی دادوەرانی سەر بە چاكسازی گەورانی سلێمانی، دۆسیەی 50 زیندانیان یەكلا كردەوە و بەڕێوەبەری چاكسازییەكەیش دەڵێت، سبەینێ ئەوان ئازاد دەكرێن و سزادراویشی تیادایە، كە تاوانەكەی بۆ سووك كراوە.

پێشەنگ حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازی گەورانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم تایبەت بە "وشە" رای گەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی تایبەتمەند، كە لە چەند دادوەرێك پێكهاتووە، بۆ ئازادكردنی زیندانیان بەپێی ئەو یاسایەی كە پەرلەمانی كوردستان دەری كردووە بۆ لێبوردنیان كۆبووینەوە.

زیاتر گوتی، هەر ئەمڕۆ دۆسیەی 50 زیندانیكراو لە چاكسازی گەورانی سلێمانی یەكلا كرایەوە و لەلایەن لیژنەكەوە بڕیاری لەسەر درا و سبەینێ دەست دەكرێت بە ئازادكردنیان. دووپاتی كردەوە، ئەوانەی، كە سبەی ئازاد دەكرێن هەندێكیان سزاكەیان سێ مانگی ماوە، هەندێكیشیان سزای قورسیان هەبووە و سزاكەیان بۆ سووك كراوە و ئەوانیش ئازاد دەكرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازی گەورانی سلێمانی رای گەیاند، لەناو چاكسازی گەوران زیندانی هەیە یاساكە نایگرێتەوە بەهۆی ئەوەی رێگەپێدراو نییە باسی بكرێت، كە سزاكەی قورسە و ئەو یاسایە نایگرێتەوە بۆ ئازادبوون.

زیاتر روونی كردەوە، دۆسیەی ئازادكردنی زیندانیان بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمان لە چاكسازی گەورانی سلێمانی بۆ ماوەی هەشت مانگ بەردەوام دەبێت و رۆژانی داهاتوویش كەسانی تر ئازاد دەكرێن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل