دوای چەندان مانگ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆ دەبێتەوە

:: PM:06:12:16/01/2018 ‌
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان رۆژی شەموو كۆ دەبێتەوە و چەند پرسێكی تایبەت بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تاوتوێ‌ دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی كانوونی دووەم، نەسرووڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە ڕۆژی شەموو ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆ ببێتەوە و چەند پرسێكی تایبەت بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تاوتوێ‌ بكات.

ڕوونی كردەوە، یەكێتی دەیەوێت لەو كۆبوونەوەیەدا چەند پرسێك یەكلایی بكاتەوە و پرسی كۆنگرەیش بخرێتە ڕوو.

هاوكات دوێنی سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، لەچەند ڕۆژی داهاتوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆ دەبێتەوە و داواشیان لە كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری یەكێتی كردووە ئەو كۆبوونەوەیە ڕێك بخات.

پیرە لەبارەی كۆنگرەی حزبەكەی ئاماژەی بەوە كردبوو، لەو كۆبوونەوەیە ئاماژە بە كات و چۆنییەتی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دەدرێت.

چەندان مانگە بەهۆی كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی و  نەخۆشكەوتنی كۆسرەت رەسووڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە، ئەوەیش لە كاتێكدا كە هەندێك كەسی ناو یەكێتی باسی بەستنی كۆنگرەی ئەو حزبە دەكەن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم