ئەوروپا چارەنووسی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران یەكلایی دەكاتەوە

:: AM:09:48:18/01/2018 ‌

لەسەر رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران، دۆناڵد ترەمپ وڵاتانی ئەوروپای خستووەتە تەنگەژەوە و ئەوانیش دەیانەوێت بە شێوازێك خۆیان و رێككەوتنەكە پێش مانگی ئایاری داهاتوو رزگار بكەن و واشنتنیش هێور بكەنەوە بە جۆرێك ئێران لە رێككەوتنەكە دوور نەخرێتەوە. ئەگەرچی چاودێرانیش پێیان وایە ئەمە ئەستەمە، بەڵام ئەوروپییەكان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە لووتكەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا گەنگەشەی دەكەن.

بڕیارەی رۆژی دووشەم 22ی كانوونی دووەم، وەزیرانی دەرەوەی 28 وڵاتی ئەوروپی لە بڕۆكسلی پایتەختی بەلجیكا لەسەر رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێران و خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی شارەكانی ئێران بەخۆیانەوە بینی، كۆببنەوە.

هۆشداری ترەمپ
لە 12ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە ئەوروپییەكان كرد كە رێككەوتن بكەن بۆ پڕكردنەوەی كەموكوڕییەكانی لەناو دەقی رێككەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كراوە، بە تایبەت پرسی رێگریكردنی ئێران لەوەی ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم، ترەمپ پێیوایە ئەو پرسە تا ماوەیەكی دوور چارەسەر نابێت.

ئەگەر ئەوروپییەكان و ئەمەریكا نەگەن بە رێككەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، ئەوا ئەمەریكا جارێكی تر گەمارۆ ئابوورییەكانی لەسەر ئێران دادەنێت، ئەمەش بە كشانەوە لە رێككەوتنەكە لێكدەدرێتەوە كە لە ساڵی 2015 لە ڤیەننا لە نێوان ئێران لەگەڵ ئەمەریكا، ئەڵمانیا، فڕەنسا، رووسیا، چین و بەریتانیا واژوو كرابوو.

بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، ترەمپ ماوەی 120 رۆژی مۆڵەت داوە بە ئەوروپییەكان، بەو هیوایەی ئەوروپییەكانیش هاوڕای ئەمەریكا بن لە پێداچوونەوە بە رێككەوتنەكە.

خاڵی ناكۆك.. كات و چالاكییە بالیستییەكانی ئێران
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای زیادكردنی پشكنینەكان دەكات بۆ سەر وێستگە و كورە ئەتۆمییەكان، هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوە و درێژكردنەوەی بڕگەكانی پێوەست بە ماوەی گرێبەستەكە دەكات كە سەپێنراوە بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران تا ساڵی 2025 یان 2030.

هاوكات ترەمپ دەیەوێت چالاكییە مووشەكییە بالیستییەكانی ئێران پەك بخات و سزای قورسی لەسەر دابنێت، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە گەشەپێدانی و تاقیكردنەوەی مووشەكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆم.
لە بەرانبەر ئەو لایەنانەی واژوویان لەسەر گرێبەستەكە كردووە بە تایبەت ئەوروپییەكان، شێلگیرانە بەرگری لە رێككەوتنەكە دەكەن، پێیان وایە هەر چاوخشاندنەوەیەك بە رێككەوتنەكە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەكی ناوەكی و دەبێتە هەڕەشە بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئیمانوێل میتر بەرپرسی لێكۆڵینەوە لە دامەزراوەی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی لە پاریس دەڵێ گومان لەوەدا نییە رێككەوتنەكە لە رووی كاتەوە سنووردارە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت دوای تەواوبوونی ماوەكەی ئیتر بۆشایی دروست دەبێت، چونكە چالاكی ئەتۆمی ئێران بەگوێرەی رێككەوتنی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆم بەردەوام لەژێر چاودێری دەمێنێتەوە.

چۆن مەرجەكان بێ رەزامەندیی ئێران قورستر دەكرێن؟
لەكاتێكدا ئەمەریكا هەوڵدەدات مەرجەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە قورستر بكات، ئێران بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكاتەوە و رووسیا و چینیش رەتی دەكەنەوە. هاوكات سەرچاوەیەكی ئەوروپی نزیك لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران دەڵێ رەوشەكە گونجاو نییە بۆ توندكردنی مەرجەكان.

ئەمە بەو مانایە دێت هەر هەموارێكی یەك لایەنەی رێككەوتنەكە كە ببێتە هۆی زیادكردنی مەرج و سزا وەك ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە كۆنگرێسی ئەمەریكا داوای كردووە، پێشێلكردنی رێككەوتنەكەیە.

هاوكات كۆمەڵەی تەنگژەی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكیدا روونی كردەوە ئەوە دەكەوێتە سەر لایەنەكانی تر كە واژوویان لەسەر رێككەوتنەكە كردووە، هەوڵ لەگەڵ ئەمەریكا بدەن واز لە سەپاندنی مەرج و توندكردنی سزاكان بهێنێت تا ئێران لەناو رێككەوتنەكە بمێنێتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەوروپییەكان لەگەڵ ئەمەریكا لە راوێژدان بۆ رازیكردنیان تا لە رێككەوتنەكەدا بمێنێتەوە بەرانبەر بەوەی رێككەوتنێكی تەواوكاری لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی مووشەكی بالیستی و سەپاندنی هەژموونی ئێران بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لبنان و عێراق ئەنجام بدەن.

بەڵام ئێرانییەكان ئەوەش رەتدەكەنەوە و قبووڵی ناكەن رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بەو دوو پرسە ببەسترێتەوە، لەسەر ئەمەش عەلی خامەنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریدا و رای گەیاند ئەمە بە مانای سەپاندنی مەرجی نوێ دێت و رەتی دەكەینەوە.

بەڵام لە دوا كۆبوونەوەی ئەوروپییەكان لەگەڵ ئێران لە 11ی ئەم مانگە لە بڕۆكسل، سیگما گابرێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رای گەیاند، بە شێوەیەكی بنەڕەتی لەسەر ئەوە رێككەوتین كە گفتوگۆ لەسەر ئەو دوو دۆسیەیە بكەین.

هاوكات جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا ئاماژەی بەوەدا كە دەبێت قسە لەسەر دوای 2025 بكرێت، واتە دەبێت گفتوگۆ لەسەر دوای كۆتاهاتنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەش بكرێت.

چی دەبێت ئەگەر ئەمەریكا كشایەوە؟
كلیمان تیرم لێكۆڵەر لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی لە لەندەن دەڵێ، دوای كشانەوەی ئەمەریكا، رەنگە بتوانرێت رێككەوتنەكە بەردەوام بێت ئەگەر ئێران بیەوێت رێزی لێ بێتە گرتن.

 لەو كاتەدا دەكەوێتە سەر یەكێتیی ئەوروپا كە رێوشوێن بگرێت بۆ پاراستنی كۆمپانیا چالاكەكانی ئێران و بیانپارێزێت لە سزاكانی ئەمەریكا.

زیاتر گوتی، "ئەمە دەكەوێتە سەر ئێرانییەكان خۆیان كە چۆن بڕیارێك دەدەن دوای كشانەوەی ئەمەریكا".


سەرچاوە/ ئیلاف


وشە - فه‌رمان سادق