نێچیرڤان بارزانی گەیشتە تاران

:: PM:06:15:20/01/2018 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری دوای سەردانیان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتنە تارانی پایتەختی ئێران.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی كانوونی دووەم، لە هەواڵێكی كونسوڵخانەی تاران لە هەولێر هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سبەی یەكشەم لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران لە تاران كۆ دەبێتەوە و سەردانی چەندین لێپرسراوی ئێران دەكات.

كەمێك پێش ئێستە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بە سەردانێك گەیشتنە تارانی پایتەختی ئێران، ئەوەیش دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران عێراق.

كۆبوونەوەكەی بارزانی لەگەڵ عەبادی دوای چوار مانگ لە پچڕانی پێوەندیی دیپلۆماسی و سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا و تا گەیشتە شەڕ و پێكدادان دێت بەتایبەتی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان. لەو كاتەوە ئەگەرچی هەندێك شاند لە هەولێرەوە چوونەتە بەغدا و لە بەغداوە هاتوونەتە هەولێر، بەڵام پێوەندیی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی باڵا ئەنجام نەدرابوون.

لە ماوەی رابردوودا چەندان وڵاتی دنیا پاڵپشتیی خۆیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردووەتەوە و داوای ئەنجامدانی گفتوگۆیان لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان كردووە.

رۆژی دووشەم 15ی كانوونی دووەمی 2018، رێكس تێلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان قسەیان كرد.


وشە - رامیار جەواد