لە هەولێر كێشە و بەرتیل دەكەوێتە ماڵی خواوە

:: AM:08:21:21/01/2018 ‌
بەپێی ڕێنوێنی، متەوەلی بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی ئەوقاف ناتوانێت لە مزگەت دار لەسەر بەرد دابنێت، كەچی لە سەنتەری پایتەختی كوردستان مزگەوتێك بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی ئەوقاف و بە ڕەزامەندیی پارێزگا نۆژەن دەكرێتەوە. ئەوقاف ڕای دەگەیەنێ كە پارێزگای هەولێر حیساب بۆ وەزارەت ناكات و كاری نۆژەنكردنەوەی ئەو مزگەوتە نایاسایییە و دەیدەین بە دادگا.
 
كاتێك لە چوارڕیانی نیشتمان ڕووە و خوارووی بازاڕی سیروان دەڕۆی، لە بەرانبەر كۆتری سەلام دەروازەی بازاڕی گەورەی هەولێر هەیە، كە لە دەستە ڕاستیدا "مزگەوتی حاجی نوورەدین" هەڵكەوتووە. ڕۆژانە قەڕەباڵغییەكی زۆری ئەو بازاڕە هیوایەكیان بەو مزگەوتەیە. بەڵام ماوەیەكە دەرگەكەی داخراوە و بە نەخشەی نوێ و ئاماژەی بازرگانی و قازانج نۆژەن دەكرێتەوە. تەمەنی مزگەوتەكە زیاتر لە ٦٠ ساڵە و لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە فراوانكردنی شوێنی نوێژ و ئاودەستەكانی، دووجار وردە دەستكاریی كراوە، بەڵام ئێستە بەمەبەستی نۆژەنكردنەوە تەخت كراوە و دووكانی بۆ زیاد دەكرێ، لە كاتێكدایە مۆڵەتی لە وەزارەتی ئەوقاف وەرنەگیراوە.
ئەو مزگەوتە خاوەنداریەتی هەیە و بەپێی یاسا هەر كەسێك لەسەر موڵك و ئەركی خۆی مزگەوت دروست بكات، خاوەنەكەی دەبێت بە (متەوەلی) و مافی سەرپەرشتیكردنی هەیە، بەڵام بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی وەزارەتی ئەوقاف، ناتوانێت دارێك لەسەر بەرد دابنێت و هیچ رەفتارێكی پێوە بكات. بەڵام وا دیارە ئەوە تەنیا بۆ كەسانی دەست نەڕۆیشتوو وایە.
دڵساف عەلی خدر بەڕێوەبەری موڵكەكانی وەزارەتی ئەوقاف بۆ "وشە" ڕای دەگەیەنێ، بەبێ ئاگاداری ئێمە ئەو مزگەوتە كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ كراوە، دوای ئەوەی ئاگادار بووینەوە و بۆمان دەركەوت زیادەڕۆیی كردووە لە زیادكردنی ژێرزەوین و دووكانەكان، وەزارەتی شارەوانیمان ئاگادار كردەوە كە دەبێت كارەكانی ڕابگیرێت. 
دڵساف ئەوە ناشارێتەوە كە "لە پارێزگای هەولێر كارەكانیان تەرتیب كردووە و ڕێی پێ دراوە كاری نۆژەنكردنەوەی ئەو مزگەوتە بكرێت، بەڵام نایاسایییە و دەیدەین بە دادگا".
لە بەرانبەردا حاجی هاشم (متەوەلی) مزگەوتی حاجی نوورەدین باس لەوە دەكات لە ٢٧ی ئابی رابردووەوە داوای مۆڵەتیان لە وەزارەتی ئەوقاف كردووە، بەڵام بە روونی بۆ "وشە" دەڵێ، "ئەوان كە كاری ئێمە دوا دەخەن، ئێمەش وەڵامی ئەوان نادەینەوە و كارەكانمان لە پارێزگا تەواو كردووە و هەر نایاسایییەكیش هەبێت من پابەندم".
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كاری نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی حاجی نوورەدین نەوەستاوە و حاجی هاشم دەڵێ، "پێشتر حەرەمی مزگەوت ١٧٠ مەتر بوو، ئێستە بە هەرسێك نهۆمەكەوە ٦١٠ مەترە. جاران شەش ئاودەست بوو، ئێستە ٢٧ دانەن و پێشتر كە حەوت شوێنی دەستنوێژ بوو، ئێستە ٣٣یە و جاران كە شوێنی ژنی نەبوو، لە نەخشەی نوێدا نهۆمی خوارەوەی تایبەت بە ژن دەبێت".
لە سنووری مزگەوتی حاجی نوورەدین ١٧ دووكانیش هەن و بەكرێ دراون، بەپێی یاسای موڵكداری ئەو مزگەوتانەی (متەوەلی)ن، ١٠%ی داهاتیان بۆ وەزارەتی ئەقاف و ١٠%یش بۆ خاوەن موڵك و ٨٠%ی لە مزگەوتەكەدا خەرج دەكرێتەوە. بەپێی زانیارییەكان مزگەوتی حاجی نوورەدین مانگانە نزیكەی حەوت هەزار دۆلار كرێی دووكانەكانیەتی.
جیا لەوانە، مقۆمقۆی زیادكردنی دووكان لە نەخشەی نوێی مزگەوتەكەدا هەیە و دڵساف عەلی ئاماژە بە ڕێنوێنی وەزارەتەكەی دەدات كە "نابێت دووكان لە مزگەوتەكاندا دروست بكرێت و ئەوەی هەیە، دەبێت هەر لە شوێن و بە قیاسی خۆیان بمێنێتەوە". 
"لە مزگەوتی حاجی نوورەدین سێ دووكان زیاد كراوە و مەودای دووكانەكانیش زۆر چووەتە ناوەوە، دووكان هەیە درێژییەكەی سێ مەتر بووە، ئێستە كراوەتە شەش مەتر و حەرەمی مزگەوتەكەی بچووكتر كردووەتەوە، بۆیە دووكانی زیادكراو قبووڵ نییە و دەبێت هەڵیوەشێنێتەوە، خۆ ئەگەر وەڵامیشمان نەدرێتەوە، لەڕێی دادگاوە هەڵیدەوەشێنینەوە" بەرپرسەكەی ئەوقاف وای گوت.
بەپێی نەخشەكەی وەزارەتی ئەوقاف و نەخشەكەی ‌بەردەستی "وشە"، ژمارەی دووكانەكان ٢٠ دووكانە، لە بەرانبەردا حاجی هاشم نایشارێتەوە كە دوو دووكانیان زیاد كردووە، بەڵام وەزارەتی ئەوقاف قبووڵیان نەكردووە و دەڵێ، "ژمارەی كرێچییەكانمان ١٧ن و ئێستە هەر ١٧ دووكانیشمان دروست كردووەتەوە".
جیا لەوەیش لە بەدواداچوونەكەی "وشە"دا دەركەوت، دوو دووكان لە حەرەمی مزگەوتەكەدا دروست كراون و لە نەخشەكەدا نین و هەر لە ئێستەوە بە سەرقفڵانەی 320  هەزار دۆلار فرۆشراون. لە كاتێكدا دڵساف عەلی دەڵێ، "بە متەوەلیمان گوتووە نابێت دووكان بە سەرقفڵانە بفرۆشرێت و وەزارەت بەپێی ڕێكاری یاسایی خۆی بە زیادكردنی ئاشكرا بەكرێیان دەدات". بەڵام حاجی هاشم دەڵێ، "ئەو دووكانانەی لە نەخشەكەدا نین و بە سەرقفڵانە فرۆشراون، تاپۆیان جیایە و موڵكێكی ترە و سەربە مزگەوتەكە نین".
بە بیانووی هەڵگرتنی سەرپێچییەكانی دەوری مزگەوت، شارەوانی كۆڵێك مەمنوون و ڕازییە بە نۆژەنكردنەوەی. مزگەوتی حاجی نوورەدین كە دەكەوێتە سنووری شارەوانی یەك، بەڕێوەبەرەكەی دووپات لە ژمارەی دووكانەكان دەكاتەوە كە لیژنەكانیان پشتڕاستیان كردوونەتەوە و لە ١٧ دووكان زیاتر ڕێیان بە دروستكردنی دووكانی زیاتر نەداوە. مەریوان شوانی بەڕێوەبەری شارەوانی یەكی هەولێر بۆ "وشە" ڕای دەگەیەنێ، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، داخلی سی مەتری لەلایەن لیژنەی بە ‌فەرزۆن سەرپەرشتی دەكرێت كە لیژنەی هەشت لایەنی پێوەندیدارە ‌و دەڵێ، "مزگەوتی حاجی نوورەدین لای شارەوانی ڕێی نۆژەنكردنەوەی هەیە و داوای مۆڵەت لە وەزارەتی ئەو‌قافیش كراوە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە".
لە دەوروبەری مزگەوتەكە باس لە بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلار بەرتیل لە بەرانبەر وەرگرتنی مۆڵەتی نۆژەنكردنەوەی ئەو مزگەوتە دەكرێت، بەڵام حاجی هاشمی خاوەنی بەهەموو شێوەیەك ئەو دەنگۆیە ڕەت دەكاتەوە.
دڵساف كە بەڕێوەبەری مۆڵكەكانی وەزارەتی ئەوقافە دووپات دەكاتەوە، "پارێزگا كارەكان دەكات و هیچ حیسابێكیش بۆ وەزارەت ناكات". ئەو نایشارێتەوە كە ئەوە كاری یەكەم جاریان نییە و دوو ساڵ لەمەوبەر مزگەوتەكەی كەمێك خوارتری حاجی نوورەدین، بەبێ ڕەزامەندی ئەوقاف نۆژەن كرایەوە و تەواویش كرا، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە كە "بەهیچ شێوەیەك ڕێ نادەین ئەمەیان بەسەرماندا تێپەڕێت".
"وشە" پێوەندی بە پارێزگای هەولێرەوە كرد، بەڵام گوتەبێژی پارێزگا بەرەو قایمقامییەت ڕێنوێنی كردین، لەوێ نەبەز عەبدلحەمید قایمقامی هەولێر گوتی، "مزگەوتەكە كۆن بوو و نۆژەنكردنەوەی هیچ گرفتێكی نییە".

 هەولێر. چواس خالید




وشە - تایبه‌ت