هەڵبژاردنەكانی عێراق دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی ئەمەریكا و ئێران

:: PM:10:11:21/01/2018 ‌

كێبەركێكانی هەڵبژاردنی عێراق دەستی پێ كرد و وەك دیاریشە سەخت دەبێت، لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە 12ی ئایاری داهاتوو بە بەشداریكردنی 27 هاوپەیمانیەتی و 143 پارتی سیاسی لە هەموو پێكهاتەكان بەڕێوە بچێت، كە چاوەڕوان دەكرێت ئاسۆی سیاسی لە عێراق بەتەواوەتی بگۆڕن، ئەو هەڵبژاردنەی چاودێران پێیان وایە كە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێیەكی سەختی ئەمەریكا و ئێران لە رێگەی هێزە لایەنگرەكانیانەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتووی عێراق و بڕیاردان تیایدا. 

لە هەفتەی رابردووەوە چەند هاوپەیمانیەتییەك پێك هاتن و هەندێكیان هەڵوەشانەوە لە ماوەیەكی كورتدا، لەوانەیش هاوپەیمانیەتییەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و هادی عامری، كە نوێنەرایەتی هێزەكانی ناو حەشدی شەعبی دەكات، كە تەنیا 24 سەعات دوای دروستبوونییەوە هەڵوەشایەوە، لەو بارەوە خالید ساڵح نووسەر لە وتارێكیدا ئاماژە بۆ ئەو بابەتە دەكات و لە چەند بڕگەیەكیدا دەڵێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوپەیمانیەتی (نەسڕ)ی راگەیاند كە دوورە لە تایفیەت و جیاكاری، دوای ئەوە هاوپەیمانیەتییەكەی زۆری هێزەكانی حەشدی شەعبی و نزیك لە ئێرانی كۆكردووەتەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ عەبادی دەربڕی، بەڵام نەگەیشتە 24 سەعات و هاوپەیمانیەتییەكە هەڵوەشایەوە و ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی هۆكارەكەیان بە تەكنیكی ناوبرد.

بە گوتەی كەسانی نزیك لە عەبادی پاشەكشەی ئەو هێزانەی نزیك لە ئێران بۆ رەتكردنەوەی مەرجەكانی عەبادی هات كە كاندیدانی هەڵبژاردن لەسەر بنەمایەكی ئاینی دیاری نەكرێن، كە ئەوەیش خاڵێكی گەورەی ناكۆكی بوو لە نێوان عەبادی و عامریدا.

دواتر پرسی نەهێشتنی گەندەڵی دێت وەك پرسێكی گرنگ كە عەبادی گرنگی بە دیاریكردنی كاندیدانی پاڵپشت بۆ نەهێشتنی گەندەلی و خۆی دەدات، لەو كاتەی چەند سەركردەیەكی حەشدی شەعبی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لیستەكەی عەبادی چەندان كەسی تێوەگلاوی بە گەندەڵی تیادایە، بۆیە سەركردەیەكی حەشدی شەعبی لەو بارەوە دەڵێت كە پاشەكشەكردنیان تەنیا تەكتیكێكی هەڵبژاردن نەبووە، چونكە سیستەمی هەڵبژاردنی كە خراوەتە روو هەلی بردنەوەی گەورەترین ژمارەی كوردسیان پێ دەدات ئەگەر بەتەنیا دابەزن.

لەو كاتەی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر كە نەیاری سەرەكیی دەسەڵاتی ئێرانییە لە عێراق، بەئاشكرا رەخنەی لەو هاوپەیمانیەتییەی عەبادی و حەشدی شەعبی گرت، ئەو كە لەگەڵ حزبی شیوعییەوە چووتە هاوپەیمانیەتی رای گەیاند كە تەنیا پاڵپشتی لە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆكان دەكات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

لەلایەكی تر هەشت گرووپی حەشدی شەعبی لەوانە حزبولای عێراقی و عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆكایەتی قەیس خزعەلی و رێكخراوی بەدر بەسەرۆكایەتی هادی عامری، بەیەك هاوپەیمانیەتی بەناوی (فەتح) بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن.

دوای تەنیا 24 سعات لە بردنەوە، جیابوونەوەكەی عەبادی و عامری دۆڕانێكی خێرای سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، چونكە ئێستە عەبادی بۆ هەڵبژاردنەكان تەنیا لەلایەن نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاساوە ركابەری سەرەكی كێبەركێ ناكرێت، بەڵكو لەگەڵ ژمارەیەك ركابەری نوێی هەیە كە رەنگە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری ریشەیی لە پێكهاتەی پەرلەماندا دروست بكات.

ئەو ركابەرانەی ئێستە بەر لە 15 ساڵ و لە دوای رووخانی سەدام حوسێن لەژێر ئاڵای حزبی دەعوەی ئیسلامی وەستابوون و كاریان دەكرد، ئەگەرچی سەرانی هاوپەیمانیەتییەكەی حەشدی شەعبی رایان گەیاند كە بەشداریكردنیان بە لیستێكی سەربەخۆ مانای ناكۆكیان لەگەڵ سەرۆك وەزیران نییە، كە هادی عامری رای گەیاند ئەوان ئامادەن بۆ دوای هەڵبژاردن لەگەڵ لیستەكەی عەبادی یەكبگرن، بەڵام ناتوانرێت كاریگەری ئەو رووخانەی هاوپەیمانیەتی گرووپەكی حەشدی شەعبی بۆسەر سەنگی سیاسی عەبادی رەت بكرێتەوە بەتایبەتی زۆرێك لە عێراقییەكان بە فێڵبازی دادەنێن.

ئێستە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق دەسەڵاتی ئێران لە عێراق رەت دەكەنەوە، كە ئەمەریكا عەبادی بە كاندیدی سەرەكی دادەنێت، بۆیە پاشەكشەی هاوپەیمانەیتییەكەی حەشدی شەعبی لەوەی عەبادی جیابوونەوەی رەوتی ئێرانە لەوەی ئەمەریكا لەبارەی دیاریكردنی داهاتووی عێراق. 

بڕیارە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە 12ی ئایاری داهاتوو بێتە سازكردن، بەڵام ئەو وادەیە بەتایبەتی لەلایەن سوننە مشتومڕی زۆری لەسەرە بەو پێیەی زۆرینەی سوننە تا ئێستە ئاوارەن و ناوچەكانیان ئاوەدان نەكراوەتەوە، كە ئەوەیش كار دەكاتە سەر دەنگدان و بەشداری جەماوەری سوننە لەو هەڵبژاردنانە، هاوكات شیعە سوورن لەسەر ئەنجامدانی بەو پێیەی دواخستنی وڵات دەخاتە ناو بۆشاییەكی دەستوورییەوە، ئەمڕۆیش دادگەی باڵای فیدراڵ بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی لە وادەی دیاریكراو دا لە 12ی ئایاری داهاتوو.

رۆژنامەی "مەدا"ی عێراقی ئاماژە كرد كە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لە گفتوگۆیەكی چڕدایە لەگەڵ هێزەكانی سوننە و شیعە بەمەبەستی نزیككردنەوەی بۆچوونەكانیان بۆ پەسندكردنی ئەو وادەی حكوومەتی عێراق بۆ هەڵبژاردنەكانی دیاری كردووە لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا.

سەرچاوە: كیتابات




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل