لە هەفتەی داهاتووەوە لە كوردستان باران دەست پێ دەكات

:: AM:11:57:20/11/2016 ‌

ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕێكی زۆر كەمتر باران باریوە و بەرپرسێكی كەشناسی هەرێمیش بۆ ئەو دۆخەی كەشناسی كۆمەڵێك هۆكار دەخاتە ڕوو و پێشبینیش دەكات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێكی باران بارین كوردستان بگرێتەوە.

فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزە هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی باران لە كوردستان، پێوەندی بە دیاردەیەكی كەشناسی جیهانییەوە هەیە و هاوشێوەی كوردستان لە وڵاتانی تری دنیایش بڕی باران كەمتر باریوە. ئەو گوتی دیاردەی كەشناسی نینا ئەمساڵ لە گۆی زەوی زاڵە و كاریگەری خستووەتە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە لە كوردستان بڕی باران دابەزیوە.

ئەو روونی كردەوە كە دیاردەیەكی تر هەیە كە بە نینۆ ناسراوە و كاریگەری پێچەوانەی هەیە و دیاردەكەش ساڵی رابردوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووی دا، بۆیە لە كوردستان بە رێژەیەكی بەرچاو باران باری و كاریگەرییەكانیشی تا سەرەتای هاوینی ئەمساڵ بەردەوام بوو.

ئەو بەرپرسەی كەشناسی باسی لەوەش كرد كە ئەو بەرزە پاڵەپەستۆیەی كە لە وڵاتی توركیا زاڵە رێگری لە هاتنی نزمە پاڵەپەستۆكانی دەریای ناوەڕاست بۆ هەرێمی كوردستان دەكات.

فازڵ ئیبراهیم پێشبینیشی كرد كە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە نزمە پاڵەپەستۆیەك لە دەریای ناوەڕاستەوە روو لە هەرێمی كوردستان بكات و بڕێكی باشی بارانیشی بەدواوە بێت.

بە گوێرەی ئەو ئامارەی فازڵ ئیسماعیل ئاماژەی پێ كرد، بەگشتی ساڵی رابردوو هەندێك ناوچەی كوردستان نزیكەی هەزار و ٢٠٠ ملم بارانیان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستە بەرزترین بڕی باران بارین لە دهۆك تۆمار كراوە كە بڕەكەی نۆ ملم بووە و هەر لە دهۆك ساڵی رابردوو تا ئەم كاتە ١٢٦ ملم باران باریبوو.

پێویستە بگوترێت ساڵی رابردوو تا ئەم كاتە لە هەولێر ١٤٣.١ ملم  باران باریبوو، كەچی  هی ئەمساڵی لە نیو ملمیش كەمترە. هەروەها لە سلێمانیش تا ئێستە ٣٣٩ ملم باران باریبوو، كەچی هی ئەمساڵی ناگاتە پێنج ملم و لە هەڵەبجەش ساڵی رابردوو تا ئەم كاتە سەرووی ٢٩٨ ملم باران باریبوو، كەچی هی ئەمساڵ خوارووی سێ ملم باریوە.


وشە - سلێمان تاشان