سیاسییه‌كان..گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ وه‌ك پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كاردێنن

هەزاران ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچە و زێدی ڕەسەنی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەدین، هەزارانی تر خەریكن ئامادەكاریی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان تەواو دەبێ، بەڵام پرسەكە هەر ئەوەندە نییە، ئایا ئەو ئاوارانە دەتوانن بە ئازادیی خۆیان دەنگ بدەن، یان بە زۆر ناچار دەكرێن دەنگ بە لایەن و كەس و پێكهاتەیەكی جیا لە كەسانی خۆیان بدرێن.

گرنگیدانی زۆری بەرپرسان لەم دواییە و هەوڵدان بۆ كێشكردنیان لەكاتی هەڵبژاردن و بەكارهێنانی كارتی ئاوارەكان وەك بیانوویەك بۆ كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و كردنیان بە پڕۆژەیەكی پڕوپاگەندەكردن، وای كردووە لەم دواییە بەرپرسانی عێراق زۆرترین قسە لەسەر ئاوارەكان بكەن. عەلی بەدر ڕۆژنامەوان دەڵێ، لایەنە سیاسییەكان دەیانەوێ بە هەر ڕێیەك بێ، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان بكەن بە پڕۆژەی خۆیان، هەریەكەیشیان ئەجێندای جیاوازیان بۆ پرسەكە هەیە، خۆیان دەردەخەن و دەیانەوێ بڕوا بە ئاوارەكان بهێنن، كە ئەوان زۆرترین كاریگەرییان هەبووە لەسەر گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

بەگوێرەی لێكدانەوەكان دەنگی ئاوارەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بۆ دوولا دابەش دەبێ، یەكەمی بایكۆتكردنی هەڵبژادن دەبێ، چونكە هیچ هیوایەكیان بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق نەماوە، دووەمیشیان دەیانەوێ بەشداری هەڵبژاردن بكەن، ئەگەر هاتوو حكوومەت بتوانێ ژینگەیەكی لەبار بۆ ساتی هەڵبژاردن لە ناوچەكانیان بڕەخسێنێت.

حردان لفتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەوبارەوە دەڵێ، دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەكان لە ئەستۆی پارێزگای سەڵاحەدیندایە و گرنگی زۆریشی پێ دراوە، بەڵام زۆر قورسە بەر لە وادەی هەڵبژاردن دۆسییەكە بە تەواوی یەكلا بكرێتەوە، چونكە لە ناو ئاوارەكان كەسانی كەمئەندام و پیر و پەككەوتە زۆرن، بۆیە ئەمانە پێویستیان بە ڕێچارەی زۆر گونجاوتر تا بۆ ناوچەكانی خۆیان بگوزارێنەوە، جیا لەوەیش كە گەڕانەوە ئەوان توانای ئەوەیان نابێ سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن و كارتی هەڵبژاردن وەربگرن، تا لە ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگی پێ بدەن، بۆیە ئێستە هاوئاهەنگی لە نێوان كۆمیسیۆن و پارێزگای سەڵاحەدین هەیە، تا بنكەی جێگرەوە لە سەڵاحەدین دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین كارتی هەڵبژاردن بگەیەننە دەست ئاوارەكان.

تا ئێستە 72 بنكەی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنەوە نەتوانراوە بكرێنەوە، سەرەڕای ئەوەی تەنیا 10 لەو بنكانە هەڵوەشێنراونەتەوە، ئەمەیش بە هۆی قورسی كردنەوەی بنكەی دەنگدان لە ناوچە وێرانبووەكان و بوونی سەرباز و نالەباری ژینگەی هەڵبژاردن لە ناوچەكە دێ، 29 لەو بنكانە دەكەونە ناوچەكانی بێجی و سینییە و عەزیز بەلەد، ئێستە لە هەوڵی كاركردندان تا بنكەی جێگرەوە لەو شوێنانە دروست بكەن، حەیدەر ئیسماعیل یاریدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی كۆمیسیۆنی سەڵاحەدین دووپاتی لەو زانیارییانە كردەوە.

بەرپرسێكی ناوخۆیی ئاشكرای كرد، پلانی دابەشكردنی كارتی هەڵبژاردن بەسەر ئاوارەكان دەكرێ، لە كاتی گەڕانەوەیان پێیان بدرێ، بەڕێوەبەری نووسینگەی مەشق و ڕاهێنان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان "سەدام سەعدی" لەوبارەوە دەڵێ، هەر بنكەیەكی هەڵبژاردن شوێنی جێگرەوەی بۆ دابین دەكرێ، لەو ناوچانەی ئاوارەكانی تێدا گەڕانەوتەوە و لەو پارێزگایانەی شەڕی داعش لێی ڕووی داوە، بنكە جێگرەوەكانیش بەسەرپەرشتی كۆمیسیۆن دەبێ و بە پلانێكی تۆكمەوە دەكرێنەوە.

بەگشتی لە پارێزگای سەڵاحەدین 400 هەزار كەس ئاوارە بوون و لەو ڕێژەیە 100 هەزار كەسیان مافی دەنگدانیان هەیە، حكوومەتی ناوخۆیی سەڵاحەدین هەوڵ دەدا زۆرینەی ئاوارەكان كارتی هەڵبژاردن وەربگرن و لە 12ی ئایار/مایۆی ڕابردوو بەشداری هەڵبژاردن بكەن، هاووڵاتییان دەتوانن لە نۆ بنكەی هەڵبژاردن كە تایبەت بە ئاوارەكان دەكرێتەوە، لە شاری سلێمانیش بەشداری هەڵبژاردن بكەن، لە هەولێر و كەركووكیش بەهەمانشێوە بنكەی تر دەكرێنەوە،  بۆ ئەو ئاوارانەیشی دەگەڕێنەوە تا ئەو كاتە بنكەی دەنگدان لە تەواوی ناوچەكان دەكرێتەوە.

محەمەد فەیازی تەمەن 29 ساڵ كە ئاوارەیەكی شارۆكەی عەزیز بەلەدە و دەیەوێ بەشداری هەڵبژاردن بكات، بۆ گۆڕانی دۆخی ئێستە، بۆ كاندیدێكی گونجاویش دەگەڕێ، ئەگەر هیچ یەكێكیشی بە دل نەبوو، هەر دەچێتە هەڵبژاردن و دەنگەكەی خۆی پووچەڵ دەكاتەوە ڕێ نادات كەسی تر كارتی دەنگدانەكەی بۆ مەبەستی تر بەكار بهێنێت.

موحسین ئاوارەیەكی تری شارۆكەی بێجییە و ئێستە لە كەمپی "عەلەم"ی ڕۆژهەڵاتی تكریت نیشتەجێیە و دەڵێ، لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردن، گرنگی تەواو بە ئاوارەكان دەدرێ، ئەو ئامرازانەیشی كە بەكاری دەهێنن بۆ گرنگیدان بە ئاوارەكان دووبارە و جارێكی تر خەڵكی بڕوایان پێ ناكەنەوە. هاوكات ئاوارەكانی كەمپی حەردانییەی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین دووپاتیان كردەوە، بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، بەو ئامانجەی گەندەڵكاران لە حكوومەت دوور بخەنەوە، بەڵام "حەمدییە" كه ئاوارەیەكی ترە و دەڵێ، تا لەناو كەمپ بمێنمەوە بەشداری هەڵبژاردن ناكەم، دراوسێكانیشم هێما بۆ ئەوە دەكەن، كێ لە خەم و ئازارەكانمان بگات و لەگەڵمان بوەستێتەوە، لە هەڵبژاردن دەنگ بەوانە دەدەن.

گەڕانەوەی ئاوارەكان گرفتێكی گەورەی بەردەم هەڵبژاردنە و حكوومەتی بەغدا بەڵێنی داوە سەرجەمیان بۆ زێدی خۆیان بگێڕێتەوە، بەڵام گەڕاندنەوەیان و مانەوەی میلیشیاكان لە ناوچەكانیان ترسی خستووەتە دڵی ئاوارەكان و ئەوان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە مەترسی ئەوەیە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە زەبری چەك و هێز بەرەو بنكەكانی دەنگدان ئاراستەیان بكەن و بە زۆر ناچاریان بكەن دەنگ بۆ ئەو كاندیدانە بدەن كە میلیشیاكان پشتیوانی دەكەن.

سەرچاوە/ارفع صوتك.




وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:09:32:10/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌