پزیشكێك بە تەنیا بنكەیەكی تەندروستی بەرێوە دەبات

:: PM:08:34:12/02/2018 ‌
لە گوندێكی شارەدێی سیدەكان كە 144كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر دوورە، پزیشكێك بە تەنیا سەرجەم كارەكانی بنكەیەكی تەندرووستی رای دەكات، لە كاتێكدا بنكە تەندروستییەكە 58 گوندی بەسەرەوەیە.

د.كامەران حەمید بەرپرسی بنكەی تەندروستی نزاری لە سنووری سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی هەشت ساڵە بنكەیەكی تەندروستی لە گوندی نزاری بوونی هەیە كە سەر بە شارەدێی سیدەكانە و 58 گوند لەسەر بنكە تەندروستییەكەیە.

زیاتر گوتی، بنكەكە ڕۆژانە زیاتر لە 40 نەخۆش سەردانی دەكەن بۆ چارەسەر كردنی نەخۆشی كە بە تەنیا هەموو كارێكی بنكەكە پزیشكێك ئەنجامی دەدات و تا ئێستە كارمەندی پێویست و پێدواویستی بۆ نەخۆشخانەكە دابین نەكراوە.

هاوكات، د.مەقسوود ئیسماعیل بەڕێوەبەری تەندروستی شارۆكەی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، چەند ساڵێكە نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن بە تەواوی كەلوپەلەكانییەوە بۆ گوندی نزاری سەر بە شارەدێی سیدەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكە دابین كراوە، بەڵام میلاكی نییە.

ڕوونیشی كردەوە كە لە بنكەی تەندروستی نزاری تەنیا دوو كارمەند هەیە، یەكێكیان نەخۆش دەبینێت و ئەوەی تریش وەك پاسەوانی نەخۆشخانە دامەزراوە.

بنكەی تەندروستی نزاری لە سنووری دەشتی هێرتێ سەر بە شارەدێی سیدەكان / سۆران  ساڵی 2009  دروست كراوە و ساڵی 2011 بەفەرمی كراوەتەوە، دەكەوێتە سەنتەری 58 گوندی دەشتی هێرتێ و  چەند ساڵێكە تەنیا یەك كارمەندی تەندروستی هەیە و بەدەست كەمی كارمەند و فەرمانبەر دەناڵێنێت.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی



































وشە - سه‌رخێڵ هاشم