زانیاری لەسەر ئەو سێ‌ پێشمەرگەی لەلایەن بەغداوە گیراون

:: PM:04:24:13/02/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، ئەو سێ پێشمەرگەیەیی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە تۆمەتی پێوەندی كردن لەگەڵ گرووپی ئاڵا سپییەكە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە گیران لە بەغدا لە زینداندان و لەلایەن ھێزە عێراقییەكان ئەشكەنجە دراون.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەدواداچوونم بۆ ئەو سێ پێشمەرگەیە كردووە كە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە گیراون و ئێستە لەزیندانی فڕۆكەخانەی "موسەنا"ن لە بەغدا، بەڵام ئەو پێشمەرگانە ڕایانگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك ئەندام نین لە هیچ گرووپێك  و وپێشمەرگە بوون لە لیوای 134ی هێزی پێشمەرگە لە سنووری داقووق و تۆمەتیان بۆ دروست كراوە.

ئاشكراشیكرد كە ئەو سێ پێشمەرگەیە ئەشكەنجە دراون لەلایەن هێزە عێراقییەكان، بەڵام بەم نزیكانە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەم بۆ ئەوەی لیواكەی ئەوان نووسراوێك دەربكات ئەمانە پێشمەرگەی ئەوانن.

بە تۆمەتی ئەوەی ئەندامن لەگرووپی ئاڵا سپییەكە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو سێ پێشمەرگە بەناوەكانی رەحیم مەجید و نەریمان حوسێن و كەریم وەهاب لەلایەن هێزە عێراقییەكان گیراون و تا ئێستە ئازاد نەكراون.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم