لەماوەی 24 سەعاتدا سلێمانی زۆرترین بارانی لێ‌ باریوە

:: PM:04:37:13/02/2018 ‌
بەرێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕێژەی باران بارینی 24 سەعاتی ڕابردووی لە سەنتەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و بەپێی لێدوانی بەشی پێشبینییەكانی ئەو بەرێوەبەرایەتییە تا رۆژی هەینی ئەو شەپۆلی باران بارینە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، بەرێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا خشتەی باران بارینی 24 سەعاتی ڕابردووی سەنتەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند و بەپێی خشتەیەكەیش لە هەولێر لەوماوەیەدا 12 ملیم باران باریوە.

هەر بەپێی خشتەكە كە "وشە" وێنەیەكی لە خوارەوە بڵاو كردووەتەوە دەركەوتووە لە پارێزگای دهۆك 17.5 ملیم باران و لە سلێمانی 64.6 ملیم و كەركووك 4.2 ملیم و لە هەڵەبجەیش رێژەی باران بارین لە 24 سەعاتدا 5 ملیم بووە.

هاوكات بژار ئەكرەم بەرێوەبەری بەشی پێشبینییەكانی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاریگەری ئەو شەپۆلی باران بارینە تا ئەمشەو بەچڕی بەردەوام دەبێت و دواتر كاریگەرییەكەی كەم دەبێتەوە، بەڵام لە ڕۆژی هەینی جارێكی تر شەپۆلەكە دەست پێ دەكاتەوە.

كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبینی كردووە كە لەناوچە چیاكانی سنووری هەولێر و سلێمانی بەفر بارین بۆ ماوەیەك بەردەوام بێت.








وشە - سه‌رخێڵ هاشم