ئەو كەسانەی بەنیازی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجن دەبێ‌ ئەوكارە بكەن

:: PM:05:25:13/02/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاگەداری ئەو هاووڵاتییانە دەكاتەوە كە بەنیازی گەشتی حەجن بۆ وڵاتی سعوودیە دەست بكەن بە دەرهێنانی پاسەپۆڕت بۆ ئەوەی تووشی كێشە نەبن.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی شوبات، كاروان ستوونی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، داوا لەو هاووڵاتییانە دەكەین كە بەنیازی حەجن بۆ ئەمساڵ بچن پاسەپۆڕت دەربهێنن و لە ئێستەوە دەست پێ بكەن بە مامەڵە تا تووشی كێشە نەبنەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی حەج و عومرە دەڵێت، گەشتی حەجی ئەمساڵ بە مانگێك دوای جەژنی ڕەمەزان دەست پێ دەكات بۆیە پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی ناویان هەیە بۆ حەجی ئەمساڵ لە مانگی حوزەیران پاسەپۆڕتەكانیان ئامادەبێت.

ستوونی ئاشكرای كرد، بۆ گەشتی حەجی ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتی هەرێمی كوردستان گەشت دەكەن، هەروەها زیاد كردن و كەمكردنەوەی ژمارەكان پێوەندی بە عەملەدارەكان هەیە كە بەشێكییان ڕەنگە لەلایەن عێراق و سعوودیە ژمارەیان بۆ زیاد بكرێت.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تیروپشك بۆ هاووڵاتیان گەشتی حەج ئەنجام دەدرێت پارساڵ بەهۆی تەنگەژەی دارایی ژمارەیەك لە هاووڵاتی ئامادە نەبوون گەشتی حەج بكەن.



وشە - رامیار جەواد