نامەیەك بووكەكەی ترەمپ دەتۆقێنێ‌

:: PM:05:25:13/02/2018 ‌

 راگەیاندنەكانی ئەمەریكا ئاشكرایان كرد كە شەوی رابردوو نامەیەك خراوەتە ماڵی كوڕەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و ڤانیسیای خێزانی هەڵی گرتووەتەوە و كاتێك هاڕڕاوێكی سپی لەناو نامەكە دەدۆزییوەتەوە بەو هۆیەوە تۆقیوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نیویۆرك ئاشكرایان كردووە، نامەیەك ئاراستەی كوڕەكەی ترەمپ كراوە، بەڵام ژنەكەی كە ناوی ڤانیسا ترەمپە، نامەكەی كردووەتەوە و بینیویەتی كە هاڕڕاوێكی سپی لە ناو نامەكەیە، بۆیە زۆر دەترسێ‌ و گوتوویەتی هەست بە رشانەوە دەكات.

 بۆیە بە پەلە ڤانیسیا و دایكی رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێن، دواتر دەردەكەوێت كە هیچ نیشانەیەكی ترسناكیان لەسەر دیار نییە و  هاڕڕاوە سپییەكەی ناو زەرفی نامەكەیش مادەیەكی ترسناك نییە.

پۆلیس ناوەڕۆكی نامەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام رای گەیاندووە كە نامەكە ئاراستەی دۆناڵد جینیۆر، كوڕەكەی ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا كراوە. دەزگەی نهێنی پاراستنی خێزانی سەرۆكی ئەمەریكایش لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوەكە دەكات.

 لەوەتەی لە ساڵی 2001 چەند نامەیەك بە هاڕاوی سپییەوە ئاراستەی چەند ئەندام كۆنگرێسێك كرا، دەركەوت هاڕاوی ئەنتراكسی تێدابوو، بووە هۆی مردنی پێنج كەس، لەو كاتەوە لە تەواوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ترس لە نامەی نەناسراو هەیە.

سەرچاوە / كەناڵی جزیرە




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل