هەولێر داواكارییەك بۆ بەسڕە بەرز دەكاتەوە

:: PM:03:48:17/02/2018 ‌

سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داواكارییەك بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە بەرز دەكاتەوە و سكرتێری ئەنجوومەنیش دەڵێت، چ ئەوان بیانەوێت ئێمە میواندارییان دەكەین و یان ئەوان پێیان باش بێت ئێمە دەچینە لایان.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی شوبات، ئازاد ئەكرەم سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەبارەی ئەو شەڕەی كە هەندێ‌ گەنجی شاری هەولێر بەكارێكی ناشیرین لەدوو هاووڵاتی خەڵكی بەسڕەیان دا، ئێمە نووسراوێكمان بەرز كردووەتەوە و بەناوی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر سەركۆنەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دەكەین. 

سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، داواكارین ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە بەرۆحیەتێكی برایەتی كاردانەوەیان هەبێت، بۆیە تكامان وایە رەزامەندی دەرببڕن بۆ میوانداری شاندێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ پارێزگاری بەسڕە یان ئەوان بێن بۆ هەولێر.

ئازاد ئاشكرای كرد داواكارین لە سەرجەم خەڵك و كەناڵەكانی راگەیاندن ئەم بابەتە بەلاڕێدا نەبەن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەكاری نەهێنن كە ئەویش لێدانی ئەو گەنجە گەشتیارانە بوو.

لە چوار ڕۆژی ڕابردوو لە شاری هەولێر ژمارەیەك گەنجی كورد لە سێ‌ گەنجی عەرەبی گەشتیاریان دا، ئەوەش بەهۆی گوتنی چەند دروشمێك، پارێزگاری هەولێریش لەسەر ئەم بابەتە ئاشكرای كرد كە 12 كەسیان گرتووە.
 



وشە - رامیار جەواد